Muhammet Ali Kemal
12 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2017
واشنتۆن- AA
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە دیمەشق، رۆبەرت فۆرد بەپێویستی زانی هێرشەکان بۆسەر رژێمی بەشار ئەسەد درێژەیان هەبێت و رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە ئەسەد دووبارە چەکی کیمیاویی بەکاردەهێنێتەوە".
رۆبەرت فۆرد لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سی بی ئێس، روونکردنەوەی سەبارەت بە هێرشی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا بۆ سەر بنکەی شەعیرات دا.
فۆرد هێرشە مووشەکییەکەی بۆسەر رژێمی ئەسەد بە کارێکی ''زۆر باش'' ناوبرد و رایگەیاند: ''هەنگاوێکی گرنگ بوو لە رێگرییکردن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لەلایەن ئەسەدەوە، بەڵام تەنها یەک هەنگاو بوو. بەدڵنیاییەوە ئەسەد دووبارە چەکی کیمیاویی بەکاردەهێنێتەوە. قایل کردنی رووسەکان بۆ ئەوەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لەلایەن ئەسەدەوە بووەستیێت، کارێکی ئەستەمە''.
ئاماژەی بەوەشکرد تا ئەو کاتەی رژێمی ئەسەد پشتیوانیی لەلایەن رووسیا و ئێرانەوە پشتیوانیی بکرێت، داواکردنی ئەوەی گۆڕانکاریی لە رژێمی ئەو وڵاتەدا رووبدات، بەهیچ شێوەیەک ناچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆبەرت فۆرد بە پێویستی زانی دانوستانەکان بەمەبەستی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ لە سووریا لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دەست پێبکات و لە وەڵام ئەو پرسیارەشدا کە وەڵامدانەوەی ئێران چی دەبێت ئەگەر ئەمریکا دووبارە هێرشی کردەوە سەر رژێمی ئەسەد، رایگەیاند: ''ئێران توانای ئەوەی هەیە وەڵامی ئێمە بداتەوە. بۆ نموونە دەتوانن ئەو سەربازانەمان کە ئێستا لە عێراقن، بکەنە ئامانج. ئەم بابەتە پێویستە لەرووی دیپلۆماسییەوە، لەبەرچاو بگیرێت. پێویستە دەستەبەری ئەوە بکرێت کە ئەسەد جارێکی دیکە چەکی کیمیاویی بەکارنەهێنێتەوە و هاوکات رێگریی لەوە بکرێت کە لەلایەن چەکدارەکانییەوە لە ناوچەکە، هێرش نەکاتە سەرمان لە عێراق''.