Salih Okuroğlu
11 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2023
ئەنقەرە - AA
رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی (WMO) بڵاوی کردەوە کە پلەکانی گەرما لەسەر رووی دەریا لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمووزدا، گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و زیاتریش بەرز دەبێتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن رێکخراوەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە لە باکووری زەریای ئەتڵەنتیک، پلەکانی گەرما لەسەر رووی دەریا، بەشێوەیەکی بێ وێنە بەرزبووەتەوە.
باس لەوەیش کرا کە پلەکانی گەرما لەسەر رووی دەریا لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمووزدا، گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و بەهۆی کاریگەریی هەلومەرجی ئاوهەوای "ئێل نینۆ"وە ئەو ژمارە پێوانەییەی لە بەرزی پلەکانی گەرمادا تۆمار کرا، زیاتر بەرز دەبێتەوە.
سەرۆکی بەشی چاودێری کەشوهەوا لە رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی، عومەر بادور باسی لەوە کرد کە یەکەم هەفتەی مانگی تەمووز ''بە گەرمترین هەفتە هەتا ئێستا'' دادەنرێت.
عومەر بادور باسی لەوە کرد کە لە مانگی حوزەیراندا، پلەکانی گەرما لە رۆژدا لە باکووری زەریای ئەتڵەسی بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەرو پلەکانی گەرمای ئاساییەوە بەرزبوونەتەوە و ئاستی بەستەڵەکی دەریا لە کیشوەری بەستەڵەکی باشوور لە مانگی رابردوودا دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست.
عومەر بەدور، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بارانبارینی بەخوڕ کە گیانلەدەستدان و کۆچکردنی لێدەکەوێتەوە، لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری پلەکانی گەرما و گۆڕانی ئاووهەوا.
ناوبراو ئەوەیشی خستەڕوو کە پێشبینی دەکرێت بەهۆی هەلومەرجەکانی "ئێل نینۆ"وە گەرمترین ساڵ لە دوای ٢٠٢٣ روو بدات و لەژێر رۆشنایی چاوەڕوانییەکانیشدا پلەکانی گەرما لە ساڵی ٢٠٢٤دا ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات.
سەرۆکی بەرنامەی توێژینەوەی ئاوهەوای جیهانی لە رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی، میکایل سپارۆو رایگەیاند: ''لە راستییدا ئەو توانەوەیەی لە بەستەڵەکی دەریا لە دەوری کیشوەری بەستەڵەکی باشوور بەدیمان کردووە، وێنەی نەبووە''.
میکایل سپارۆو هۆشداری دا لەبارەی ئەوەی شەپۆلی گەرمای دەریا کاریگەری دەبێت لەسەر دابەشبوونی ماسی و ئیکۆسیستمی زەریا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە واتای ئەوە نایەت تەنها پلەی گەرمای رووی ئاوەکە گەرم بێت، بەڵکو تەواوی زەریاکە گەرم دەبێت و وزە هەڵدەمژێت کە بۆ ماوەی سەدان ساڵ دەمێنێتەوە.
سپارۆو هەروەها باسی لەوە کرد لەو ساڵەی هەرلومەرجەکانی "ئێل نینۆ" روو دەدات گەرمی لە زەریاکانەوە بەرەو بەرگەهەوا جووڵە دەکات، لەبەرئەوە پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە و گوتی: ''لە راستیدا ئێمە لە سەرەتای ئەم پرۆسەیەداین. هێشتا 'ئێل نینۆ' کاریگەرییەکی گەورەی دروست نەکردووە. سەرەڕای ئەوەیش ئەم پلە بەرزەی گەرما لە باکووری زەریای ئەتڵەسی بەدیدەکەین''.
کیشوەری بەستەڵەکی باشوور، دوی ئەوەی تێکڕا سەدا ١٧ کەمی کرد، گەیشتە نزمترین ئاست و بە جیاوازییەکی بەرچاو ژمارەی پێوانەیی مانگی حوزەیرانی پێشووی شکاند.
رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی لە راگەیەندراوێکیدا باسی لەوە کردبوو کە هەلومەرجەکانی "ئێل نینۆ" لە چواری تەمووزدا دەستی پێ کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە "ئێل نینۆ" بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خێرا دەکات و لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا کاریگەری دەکاتە سەر بارودۆخی ئاووهەوا، لەبەرئەوە سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ سەلامەتی ژیان زۆر گرنگە.
تێکڕای پلەکانی گەرما لە جیهاندا لە هەمان هەفتەدا، سێجار لەسەر یەک ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و لە شەشی تەمووزدا، تێکڕای پلەکانی گەرما لە جیهانی گەیشتە ١٧،٢٣ و بە گەرمترین رۆژ دیاری کرا، ئەمە لە کاتێکدا رۆژانی چوار و پێنجی تەمووز پلەکە ١٧،١٨ بووە.
پێشتر بەرزترین تێکڕای پلەی گەرما لە ساڵی ٢٠١٦دا تۆمار کراوە کە ١٦،٩ پلە بووە.