Sayed Khodaiberdi Sadat
11 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2023
کابول – AA
حکوومەتی تاڵیبان رایگەیاند، بەهۆی رێگەدان بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە ٢٨ی حوزەیران لە سوید، تەواوی چالاکییەکانی حکوومەتی ئەو وڵاتەی لە ئەفغانستان راگرت.
گوتەبێژی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهید لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردەوە، بەهۆی رێگەدان بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید تا ئەو وڵاتە داوای لێبوردن لە موسڵمانان نەکات، تەواوی چالاکییەکانی حکوومەتی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان رادەگرن.
زەبیحوڵڵا موجاهید سووتاندنی قورئانی پیرۆزی بە کارێکی قێزەون لەقەڵەم دا و داوای لە تەواوی وڵاتانی موسڵمان کرد، چاو بە پەیوەندییەکانیاندا بخشێننەوە لەگەڵ سوید.
هەرچەند دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ هاوشێوەی زۆرێک لە وڵاتانی بیانی سویدیش نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە کابول داخست، بەڵام ژمارەیەک لە رێکخراوە خێرخوازییەکانی سوید بەردەوام بوون لە چالاکییەکانیان لەو وڵاتە.