Bayram Altuğ
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
جنێڤ - AA
گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، مارگاریت هاریس رایگەیاند کە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی سێی هەشت بۆ نۆ نموونەی ڤاکسین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ درێژەی هەیە.
مارگاریت هاریس گوتی: ''چاوەڕوانین لە کۆتایی ساڵدا، ئەنجامەکانی ئەو قۆناغی تاقیکردنەوە گەورەیە دەرکەوێت. کاتێک خشتەی کاتی ئێستا لەبەرچاو دەگرێت، چاوەڕوان دەکەین لە ناوەڕستی ٢٠٢١دا، دۆزەکان بگەن بە وڵاتان''.
لە سەرتاسەری جیهاندا ژمارەی تووشبووان بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، ٣٦ ملیۆنی تێپەڕاندووە و ژمارەی گیانلەدەستدانیش بە پەتاکە، یەک ملیۆن و ٥٤ هەزاری تێپەڕاندووە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس هۆشداری ئەوەیدا کە ژمارەی گیانلەدەستدان بە پەتاکە زۆر لەوە زیاترە کە دەزانرێت.
هەروەها بەڕێوەبەری بەرنامەی دۆخی لەناکاوی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مایک ریان لە پێنجی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند ''بەپێی باشترین پێشبینی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی سەدا ١٠ی دانیشتوانی جیهان تووشی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون، بە دەستەواژەیەکی دیکە باسی لەوە کرد کە ٧٨٠ ملیۆن کەس تووشی پەتاکە بوون کە ئەوەش جیهانی تووشی شۆک کرد".
لەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ زۆر تیایاندا تەشەنەی سەندووە، تاکە پرسیارێک کە بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێن ئەمەیە؛ کەی ڤاکسینێکی کاریگەر و جێ متمانە بەرهەمدەهێنرێت؟
چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١، دوو ملیار دۆزی ڤاکسین دابەش بکرێت.
لە رێگەی بەرنامەی گەیشتن بە ڤاکسینێکی جیهانی (COVAX) کە بە هەماهەنگیی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەڕێوەدەچێت، ئامانج ئەوەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١، دوو ملیار دۆزی ڤاکسین دابەش بکرێت.
ئامانجی ئەو بەرنامەیەش گەشتنی ڤاکسینەکە بە هەموو وڵاتانی جیهان بەشێوەیەکی یەکسان و لە یەک کاتدا لەگەڵ پشتیوانیکردنی وڵاتانی دەوڵەمەند لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەند.
تا ئێستا ١٦٨ وڵات بەشداریان لە (COVAX)دا کردووە و ٢٥ وڵاتیش بەردەوامن لەسەر گفتوگۆکان.
بەڵام بەشداریی نەکردنی وڵاتانی پێشکەوتوو لەبارەی کارەکانی ڤاکسینەکە وەک ئەمریکا، رووسیا و چین لەو بەرنامە هەستیارەدا، بووەتە هۆی ئەوەی نیگەرانیی دروست بێت سەبارەت بەوەی ئەو ڤاکسینەی بەرهەم دەهێنرێت لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بەش نەکەن.
تاقیکردنەوەکانی قۆناغی سێی ڤاکسینەکە لە مانگی تەمووزدا دەستی پێکردووە.
گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مارگاریت هاریس ئەوەشی خستەڕوو کە هێشتا هیچ ڤاکسینێکی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19) لە لیستی بەکارهێنانی خێرای رێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا تۆمارنەکراوە.