Ali Cura
29 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2022
موسکۆ - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشكرای كرد، چەند باڵەخانەیەکی شوێنی دروستکردنی مووشەکیان لە کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا بەمووشەکی دوورهاوژێری زۆر هەستیار کردووەتە ئامانج.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ لە راگەیەندراوێکدا نوێترین زانیاریی لەبارەی چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا بڵاوکردەوە.
کۆناشێنکۆڤ ئاشکرای کرد بۆ پێکانی ئامانجەکانیان لە ئۆکراینا چەکی زۆر هەستیاریان بەکارهێناوە و گوتی: "لە رێگەی مووشەکی دوورهاوێژی زۆر هەستیار چەند باڵەخانەیەکی تایبەت بە دروستکردنی مووشەکمان لە کیێڤ کردە ئامانج".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بە مووشەکی زۆر هەستاری جۆری کالیبر کە لە دەریاوە هاوێژرابوو سێ ناوەندی تەزووگۆڕ لەسەر هێڵەکانی ئاسنینی فاستۆڤ، کراسنۆسۆلکا و پۆلۆننۆیی لەناوبرا و بە مووشەکی زۆر هەستیار نۆ خاڵی سەربازی ئۆکراینا خاپور کرا.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشکراشی کرد کە یەکە تەکتیکییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی رووسیا دوێنی شەو ١١٢ ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئۆکراینایان کردە ئامانج. هەروەها یەکەکانی مووشەکهاویشتن ١٣ ئۆتۆمبێلی سەربازانیان تێکشکاند و یەکاکانی تۆپهاویشتنیش ٩٧٥ شوێنیان تۆپباران کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا لە چەند یەکەیەکی نیشتەجێبووندا ١٣ فرۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینایان خستەخوارەوە و گوتیشی: " تاکو ئەمڕۆ ١٤٢ فڕۆکە، ١١١ هێلیکۆپتەر، ٦٣٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٢٧٨ سیستمی بەرگریی مووشەکیی ئاسمانی، دوو ھەزار و ٦٣٨ تانک و زریپۆش، ٣٠٤ مووشهكهاوێژ، ھەزار و ١٧٥ هاوهن و تۆپھاوێژ و دوو ھەزار و ٤٦٧ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سوپای ئۆکراینا لەناو براون".