Dmitri Chirciu
30 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2022
مۆسکۆ – AA
وەزارەتی بەرگریی رووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات، هەوڵی سوپای ئۆکراینا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی مایکۆڵایڤ و خێرسۆن شکستی هێناوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە هێزەکانی ئۆکراینا لە سێ بەرەوە هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر ناوچەکانی مایکۆڵایڤ و خێرسۆن.
لە راگەیەندراوەکەدا بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە ئەم هەوڵە لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤولۆدیمێر زێلێنسکی بووە، تیایدا هاتووە "لە ئەنجامی بەرگریی بەهێزی یەکە سەربازییەکانی رووسیا، زیانێکی زۆر بەر سوپای ئۆکراینا گەیشتووە. لە ئاکامی پێکدادانەکان ٢٦ تانک، ٢٣ ئۆتۆمبێلی سەربازیی و نۆ زرێپۆش لەنێوبردران، هەروەها دوو فڕۆکەی جۆری 'Su-25' خرانە خوارەوە. دوژمن زیاتر لە ٥٦٠ سەربازیشی لەدەستداوە".
وەزارەتی بەرگریی رووسیا بانگەشەی ئەوەیشی کردووە کە هەوڵی سوپای ئۆکراینا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی مایکۆڵایڤ و خێرسۆن شکستی هێناوە.
گوتەبێژی فەرماندەیی باشوور لە سوپای ئۆکراینا، ناتالیا هومەنیوک رایگەیاندبوو کە هێزەکانیان لە "چەندین بەرەوە" دەستیان کردووە، بە هێرش بۆسەر سوپای رووسیا لە ناوچەکانی باشووری ئۆکراینا بە خێرسۆن-یشەوە.