Emre Gürkan Abay
21 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2021
ئەریڤان- AA
سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەرمینیا، ئارمێن گریگۆریان، ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی دەیەوێت تەواوی سوپاکەی نوێ بکاتەوە و رایگهیاند: "لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە بۆ نوێکردنەوە و بەهاوچەرخ کردنی جبەخانەکانمان لە رووسیا چەک وەردەگرین".
ئارمێن گریگۆریان لە میانی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تهلهڤیزیۆنی ئەرمینیا، دەربارەی پێدانی چەک لە لایەن رووسیاوە به وڵاتهكهی، ئاماژهی بهوه كرد، حکوومەتی ئەرمینیا ئامانجیەتی بەزووترین کات قۆناغی نوێ کردنەوەی تهواو بكات، گوتیشی:
"حکوومەتی ئەرمینیا، دەیەوێت سەرتاپای سوپا نوێ بکاتەوە. لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە تا ئێستا بۆ بەهاوچەرخ کردنی سوپای وڵاتەکەمان لە رووسیا چەک وەردەگرین".
- "هەناردەکردنی چەک بەشێکە لە سەروەری رووسیا"
حکومەتی ئەرمینیا لە ١٨ی ئابدا دەربارەی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ رووسیا بۆ نوێ کردنەوەی سوپای وڵاتەکەی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەدوایدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخرۆڤا رۆژی ١٩ی ئاب راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نوسیبووی: "هەناردەکردنی چەک بەشێکە لە سەروەری رووسیا. چونکە حکوومەتی مۆسکۆ پێویستی بەوەیە کە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بپاریزێت".
هەموو ئەم رووداوانەش دوای ئەوە دێن کە سوپای ئازەربایجان لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٠دا بۆ ئازاد کردنی ناوچەی قهرهباخ کە لەژێر داگیرکاری ئەرمینیادا بوو، ئۆپەراسیۆنی دەستپێکرد و لە ١٠ی تشرینی دووەمدا ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتنی سوپای ئازەربایجان و پاشەکشێی سوپای ئەرمینیا لە ناوچەکە کۆتایی هات.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی سەربەخۆی ئازەربایجان، ئەرمینیا لەو شەڕەدا بە بەهای چوار ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی لەدەستداوە.