Ali Cura
22 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2022
مۆسکۆ-AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ بانگەشەی ئەوەی کرد کە سەربازانی لیوای سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا لە دۆنێتسک "هەوڵێکی شکستخواردووی دژە هێرشیان" ئەنجامداوە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ زانیاری لەسەر چالاکییە سەربازییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بڵاوکردەوە.
کۆناشێنکۆڤ بانگەشەی ئەوەشی کرد کە لە نزیک ناوچهی نیشتەجێبوونی پراڤدینۆ لە ناوچەی خێرسۆن زیاتر لە ٢٠٠ سەربازی سەربە سوپای ئۆکراینایان کوشتووە و گوتی: "کەتیبەی سییەمی لیوای یەکی سەربە سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا کە هەوڵێکی شکستخواردووی دژە هێرشیان لە دەوروبەری پالۆڤکی لە ناوچەی دۆنێتسک ئەنجامدا کەوتنە بەر تەقەی هێزەکانمان و زیانەکانیان زیاتر لە ٦٠ کوژراو و بریندار، چوار تانک و هەشت ئۆتۆمبێل بووە".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشكراشیكرد، لە رێگەی مووشەکی ئێجگار هەستیارەوە لە دەوروبەری ناوچهی نیشتەجێبوونی ئارتیۆمۆڤسک (باهموت) لەو خاڵانەیان داوە کە یەکە سەربازییەکانی ئۆکراینا بەشێوەیەکی کاتی لێی جێگیرکراون و زیاتر لە ٧٥ سەربازی ئۆکراینییان کوشتووە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ باسی لەوەش کرد کە یەکە سەربازییەکانی هێزی ئاسمانی و شەڕکەری تەکتیکی رووسیا و یەکەکانی مووشەک و تۆپهاوێژ لە ناوچەکانی خارکێڤ و دۆنێتسک لە ناوەندی فەرماندەیی سەربازیی ئۆکراینایان داوە و رایگەیاند لە دۆنێتسک پێگەی کاتیی پێکهاتەی نەژادپەرستیی "دۆنباس"یان لهناوبردووه.
کۆناشێنکۆڤ ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناوچەکانی خێرسۆن و دۆنێتسک ١٢ جبەخانەیان لەناوبردووە و خستنەخوارەوەی ١١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینای راگەیاند.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئاشکراشیکرد کە تۆپبارانی سوپای ئۆکراینا بۆسەر ناوچەی وێستگەی ئەتۆمیی ئەنەرگۆدار و ژاپۆریژیا بەردەوامە و گوتی: "تا ئەمڕۆ، ٢٩٥ فڕۆکە، ١٥٥ ھێلیکۆپتەر، دوو ھەزار و ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٧٥ سیستمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی، پێنج ھەزار و ٥٢ تانک و زریپۆش، ٨٤١ تۆپهاوێژی فرهلووله، سێ ھەزار و ٤٠٥ تۆپ و ھاوەنهاوێژ، پێنج ھەزار و ٧٤٣ ئۆتۆمبیلی تایبەتی سەربازیی ئۆکراینا لەناوبراون".