Dmitri Chirciu
12 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2020
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا، داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد واز لە سیاسەتی تاک لایەنەی سزا بهێنێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە مۆسکۆی پایتەختی وڵاتەکەی سازیکرد، زاخارۆڤا سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ دووا.
زاخارۆڤا باسی لە بڕیاری یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئەو سنووردارکردنانە کرد بۆ شەش مانگی دیکە کە بە هۆی ناسەقامگیرکردنی ئۆکرانیا بەسەر رووسیادا سەپاندوویەتی و، رایگەیاند ''ئەو هەنگاوە وەک هەلێکی یەکێتیی ئەورووپای دەبینین بۆ خۆ دەرباز کردن لەو بنبەستییەی تێیکەوتووە''.
زاخارۆڤا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتیی ئەورووپا سیاسەتێکی رووخێنەر پەیڕەو دەکات و، گوتی: ''داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکەین واز لەو سنووردارکردنە تاک لایەنانە بهێنێت کە گونجاونین لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتيیەکاندا''.
هاوکات زاخارۆڤا کاردانەوەی نیشاندا بەرامبەر ئەمریکا کە چوار بەرپرسی پەیوەندیدار بە رووسیای بە بیانوی هەوڵدان بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ٢٠٢٠ خستووەتە لیستی سزاکانیەوە و، رایگەیاند:
''واشنتۆن بەنیازە بە کردەکانی پەیوەنديیە دووقۆڵيیەکان خراپ بکات. ئەو جۆرە کردانە واشنتۆن ناگەیەنێت بە خواستەکانی''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا زاخارۆڤا، ئەوەشی خستەڕوو کە رووسیا دەستی وەرنەداوەتە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و بیر لە دەستوەردانیش ناکاتەوە.