Mazın Asad
13 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2018
جنێڤ - AA
سەرۆکی ئەرکی لێکۆڵینەوەی بێلایەنی نێودەوڵەتی میانمار، مەرزوقی داروسمان رایگەیاند، بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەیانەی کە تۆمار کراون لە میانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی موسڵمانانی ئاراکان لە ٢٥ی ئابی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا، بەلانیکەم بەشێک یان بە تەواوی ٣١٩ گوند خاپوور کراون.
مەرزوقی داروسمان لە ٣٧ھەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ، لەبارەی راپۆرتی توندوتیژییەکان دەرھەق بە موسڵمانانی ئاراکان زانیاری پێشکەش بە وڵاتانی ئەندام کرد.
سەرۆکی ئەرکی لێکۆڵینەوەی بێلایەنی نێودەوڵەتی میانمار ئاماژەی بەوە دا کە لە وەتەی دەستپێکردنی توندوتیژییەکان لە میانمار گوێبیستی ٦٠٠ شایەتحاڵ و لێقەوماو بوون لە وڵاتانی بەنگلادیش، مالیزیا و تایلەند و راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەسەر گرتە ڤیدیۆیی و وێنەکان کردووە.
مەرزوقی داروسمان گوتی: "گرتە ڤیدیۆییەکانی ئۆپەراسیۆنی داماڵین" کە لە ٢٥ی ئاب دەستی پێکرد، وا نیشان دەدات کە بەلانیکەم بەشێکی یاخود تەواوی ٣١٩ گوند خاپوور کراون. گشت ئەو زانیارییانە لە راپۆرتەکەدا ھاتووە ئەوە دەردەخات کە توندوتیژییەکان تا بڵێی بێ بەزاییانە ئەنجام دراوە".
سەرۆکی ئەرکی لێکۆڵینەوەی بێلایەنی نێودەوڵەتی میانمار، مەرزوقی داروسمان روونیشی کردەوە کە زانیاری بەرفراوان و پشتڕاستکراویان لەبەردەستە کە ئافرەتە موسڵمانەکانی ئاراکان بە کۆمەڵ رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە و راشیگەیاند گشت زانیارییەکان ئەوە نیشان دەدات کە بە شێوەیەکی پلانداڕێژەر و رێکخراوەیی ھێرش بۆ سەر موسڵمانان لە ناوچەکە ئەنجام دراوە.
مەرزوقی داروسمان لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە حکوومەنی میانمار رێگە بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکانی ویلایەتی ئاراکان نادات و گوتی: "سەبارەت بە کوشتنی منداڵێکی زۆر و دەستگیرکردنی لاوان و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ئافرەتان زانیاری ھەیە. لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ھێزە ئەمنییانە دەکەین کە لەو رووداوانە تێوەگلاون و رۆڵیان ھەبووە. ھەر کێ بەرپرسیار بێت ئاشکرای دەکەین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لە پێناو گەڕانەوەی سەدان ھەزار موسڵمانی ئاراکان بۆ زێدی خۆیان کە لە ئێستادا پەنابەرن لە بەنگلادیش، پێویستە گەرەنتی ئەمنیان بۆ دەستەبەر بکرێت، بە پێچەونەوە گەڕانەوەی موسڵمانان ئەستەم دەبێت.