Ramal Mahmood
15 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2017
لەندەن – AA
بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە چەند هەفتەیەک دوای رێوڕەسمی سوێندخواردن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە شاری رەیکیاڤیک پایتەختی ئایسلەند لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆدەبێتەوە.
رۆژنامەی سەندەی تایمز پشتبەستن بەزانیارییەکانی راوێژکارێکی ترەمپ کە ناوەکەی پارێزاوە، سەردێڕێکی بەناوی "ترەمپ دەیەوێت لە شاری رەیکیاڤیک پایتەختی ئایسلەند لەگەڵ پوتین کۆببێتەوە" بڵاوکردووەتەوە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە "ماوەیەکی کەم لەدوای سوێندخواردنی، ترەمپ لە وڵاتێکی بێلایەن لەگەڵ پوتین کۆدەبێتەوە".
بانگەشەی ئەوەیشی کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ رووسیا پلان دادەنێن بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەبارەی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی.
هەروەها هەواڵەکە سەردەمی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، رۆناڵد ریگن بەبیر هێناوەتەوە کە لە ساڵی ١٩٨٦ کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی پارتی کۆمەنیستی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، میخائیل گۆرباچۆڤ لە رەیکاڤیک لەبارەی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی ئەنجام دابوو.
بەڵام ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لێدوانی دوو راوێژکاری ترەمپ کە ناویان پارێزراوە بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژەیان بەوە داوە ئەم هەواڵە ناڕاستە و هیچ بەرنامەیەک دانەنراوە بۆ کۆبوونەوەیەکی لەم جۆرە.
دوو رۆژ لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ بەڕۆژنامەی وۆڵ ستریتی راگەیاندبوو کە لەوانەیە سزاکانی سەر رووسیا کە لەسەردەمی باراک ئۆبامادا بەهۆی هێرشەکانی سایبەرەوە دەستی پێکردووە تا ماوەیەک بەردەوام بێت، بەڵام لە ئەگەری هاوکاری رووسیا بەتایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵگرتنی سزاکان.