Mazın Asad
18 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2017
واشنتۆن - AA
ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، بڕیاری دوورخستنەوەی راوێژکاری ستراتێژی سەرەکی کۆشکی سپی ستیڤ بانۆن-ی لەسەر کارەکەی داوە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە زانیاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە کە ترەمپ بڕیاری لەکارلادرانی راوێژکاری ستراتێژی کۆشکی سپی ستیڤ بانۆن-ی داوە.
لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ھێشتا بەرواری لەکارلادرانی بانۆن دیاری نەکراوە و راشگەیەنراوە کە رەنگە ترەمپ لەوبارەیەوە بیروڕای بگۆڕێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە کۆشکی سپی ھیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لەوبارەیەوە نەکردووە.
بانۆن رۆڵێکی کارای لە کەمپینەی ترەمپ لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا ھەبوو و لەگەڵ بەشداریکردنی لە کابینەی حکوومەتی ترەمپ، تاوەکو ئێستا رووبەڕووی رەخنەی زۆری میدیاکانی ئەمریکا بووەتەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی چارەنووسی بانۆن لە کۆشکی سپی، ترەمپ ناوبراوی بە "ھاورێ"ی وەسف کردبوو و گوتبووی "دەیبینن کە چارەنووسی بانۆن چی لێ دێت".