Ihvan Radoykov
04 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2021
سۆفیا - AA
بەمەبەستی بەشداریکردن لە چل و پێنجەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیان و هەڵبژاردنی ٢٤٠ پەرلەمانتار، دەنگدەرانی بولگاریا روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد.
لە دوای ئەوەی بولگاریا لە ساڵی ١٩٨٩دا گۆڕا بۆ وڵاتێکی دیموکراسیی، ئەوە یازدەیەمین جارە هەڵبژاردنی تیادا بەڕێوەدەچێت کە لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کاتژمێر ٠٧:٠٠ دەستیپێکرد.
لە ناوخۆی وڵات ١٢ هەزار و ٦٣٠ ناوەندی هەڵبژاردن کراونەتەوە و لە دەرەوەی وڵاتیش ٤٦٥ ناوەند. بۆ یەکەمجاریش وەک جێگرەوەی کاغەز نۆ هەزار و ٣٩٨ ئامێری هەڵبژاردن دانراوە.
دەنگدەرانی بولگاریا کە ژمارەیان شەش ملیۆن و ٣٥٠ هەزار کەسە، لەنێوان شەش هەزار و ٨٩٥ کاندیددا کە ٣٠ پارت و هاوپەیمانی خستوویاننەتەڕوو، بژاردەی خۆیان دیاریی دەکەن.
بەهۆی گوشارەکانی هاوپەیمانی یەکێتیی نیشتمانی نەتەوەیی توندئاژۆ کە چوار ساڵە هاوبەشی دەسەڵاتە لە حکوومەتدا، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا، بۆیکۆ بۆریسۆڤ لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپادا بە تورکیاشەوە ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانی لە ٣٥ سندوقدا سنووردارکردووە.
بەهۆی ئەو رێکارەوە، رەنگە لە تورکیادا کە کۆچبەرێکی زۆری تێدایە کێشە لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا رووبدات.
دوو هەزار و ٥٠٠ کەس کە کەرەنتینەکراون لە رێگەی سندوقی گەڕۆکەوە دەنگ دەدەن، ٨٠ هەزار کارمەندیش کە لە ٣١ ناوچەی هەڵبژاردندا لەسەر سندوقەکانی دەنگدان دەبن نیوەیان دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ڤاکسینیان پێدراوە. لەو شوێنانەشی هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت هەموو جۆرە رێوشوێنێکی ئەمنیی و تەندروستیی گیراوەتەبەر.
بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکە، وەزارەتی ناوخۆی بولگاریا، ٢٠ هەزار پۆلیسی ئەرکدارکردووە، هەروەها زیاتر لە سێ هەزار چاودێری ناوخۆیی و بیانیی دانراون بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە.
پرۆسەی دەنگدان کاتژمێر ٢٠:٠٠ کۆتایی پێ دێت و رەنگە بە بڕیاری کۆمیسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردن ئەو ماوەیە زۆرترینی یەک کاتژمێر درێژبکرێتەوە.