Sarmand Hameed
22 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2021
ههولێر-AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە سەربە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان کۆچی دوایی عومرەکارێکی دیکەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی لە سعوودیە راگەیاند.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە سەربە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، دووەمین عومرەکاری حەڵکی هەرێمی کوردستان بەناو عارف محەمەد عارف زاخۆیی لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە کۆچکردووەکە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە و بەر لە ماوەیەک گەشتی عومڕەی کردووە و دوای نەخۆشکەوتنی بۆ ماوەی نزیکەی ٢٠ رۆژ، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەککە، ئەمرۆ یەکشەممە لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
رۆژی ٢٣ی ئەیلوولی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە سەربە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە یەکەم عومرەکاری دانیشتووی هەرێمی کوردستان، بەناوی مستەفا سلێمان مستەفا مزوری بەهۆی جەڵتەی دڵ و مانەوەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە نەخۆشخانەی شا عەبدوڵڵا لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد و لە گۆرستانی شەهیدانی حەرەم لە شاری مەککە بە خاک سپێردرا.
دوای نزیکەی ساڵێک و نیو لە وەستانی گەشتەکانی عومرە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، رۆژی ٢١ی ئابی رابردوو، یەکەم گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ سعوودیە ئەنجامدرا.