Sangar Hamad Azeez
26 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2016
لەندەن
ئەمڕۆ دواین تیراژی رۆژنامەی ئیندیپێندانتی بەریتانیە بەشێوەی چاپ بڵاوکرایەوە و لەمەودوا تەنیا لە رێگەی ماڵپەری فەرمی خۆی لە ئینتەرنێت هەواڵەکانی بڵاو دەکاتەوە.
رۆژنامەی ئیندیپێندانت کە ئەمڕۆ دواین تیراژی بەشێوەی چاپ بڵاوکرایەوە، تێیدا بەگەورەیی لە مانشێتی سەرەوەی نوسیبووی: "ماوەی ٣٠ ساڵ رووبەرووی گەندەڵ، دووڕووی، درۆ، نەزانی و خۆبەزلزانی بووینەوە ئەگەر کارەکانمان بەرز دەنرخێنن ئەوا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەشێوەی ئۆنلاین درێژە بە خوێندنەوەی رۆژنامەکەمان بدەن".
دوای ئەوەی ئەو رۆژنامەیە رووبەرووی قەیرانی کاغەز بووە، دوای ٣٠ ساڵ لە چاپکردن دواجار بڕیاریدا تەنیا لە رێگەی ماڵپەری فەرمی خۆی لە ئینتەرنێت هەواڵەکانی بڵاو بکاتەوە.
سەبارەت بە بابەتەکەش سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دڵگرانی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە وەستانی چاپی رۆژنامەی ئیندیپێندانت و رایگەیاند: " زۆر جار هاوڕا نەبوین لەگەڵ بابەتەکانی ئەو روژنامەیە بەڵام رۆژنامەی ئیندپێندانت یەکێک بوو لە رۆژنامە ئازادەکانی بەریتانیا و رۆڵێکی گرنگی هەبوو بە درێژای مێژووی کارکردنی".
ئەو رۆژنامەیە کە رۆژگارێک رۆژانە ٤٠٠ هەزار تیراژی لێ چاپ دەکرا، بەم دواییە بەهۆی قەیرانی کاغەز ئەو رێژەیە بۆ ٤٠ هەزار لە رۆژێک دابەزی.
رۆژنامەی ئیندیپێندانت کە بەردەوام دوچاری زیانی دارایی دەهات، لە ساڵی ٢٠١٠ وەک سیمبولێک بە یەک پاوەند لەلایەن ملیاردێری رووسی ئەلێکساندەر لەبەدێڤ کڕا.
دواتر ئەو ملیاردێرە بەڕێوەبردنی رۆژنامەکەی بۆ کوڕەکەی ئێڤگەنی جێهێشت کە رەگەزنامەی بەریتانی هەبوو.
رۆژنامەی ئیندیپێندانت کە لە ساڵی ١٩٨٦ دا دەست بەکار بوو، لەگەڵ هەریەک لە رۆژنامە نووسانی بەناوبانگ ئەندرێو مار و رۆبەرت فیسکی بەریتانی کاری کردووە.
ئەو رۆژنامە کە لیبراڵ و چەپڕەو بوو، لە ساڵی ٢٠٠٣دا رەخنەی توندی لە سیاسەتی وڵاتەکەی گرت لە بەرامبەر بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانی داگیرکردنی عێراق ، ئەم کارەیەش بووە جێی سەرنجی لایەنەکان.