Selen Temizer
16 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2021
پێپینستەر- AA
دوای تێپەڕینی سێ مانگ بەسەر ئەو لافاوە گەورەیەی بەلجیکا-ی گرتەوە و گەورەترین کارەساتی سروشتی بوو لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، هێشتا شوێنەواری لافاوەکە لەسەر سروشت ماوە.
ئەم لافاوە کە لە رۆژانی ١٤-١٥ی تەمووزدا ویلایەتەکانی رۆژهەڵاتی بەلجیکا-ی گرتەوە، بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٣٨ کەس، داڕوخانی دەیان بینا و ئاوارەبوونی سەدان خێزان، زیانە مادییەکانی ئەم کارەساتە سروشتییە بە دوو ملیار یۆرۆ دەخەمڵێندرێت.
شاری پێپینستەر-ی سەر بە ویلایەتی لییج زۆرترین زیانی بەرکەوت و تا ئێستاش لە نزیک رووباری ڤاسدرێ کە بەناو شارەکەدا تێدەپەڕێت، شوێنەواری لافاوەکە ماون کە بریتین لە بینای داڕوخاو، ئۆتۆمبێلی پارچەپارچەبوو، درەختی لە رەگ هەڵکێشراو و کەلوپەلی ناوماڵی نوقمبوو لە قوڕدا.
خۆبەخشان و رێکخراوانی کۆمەڵی مەدەنی بەردەوامن لە پاککردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتتوەکان و دابەش کردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان بەسەر لێقەوماواندا.
"ئەم رەوشە پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە"
بەرپرسی رێکخراوی خاچی سووری بەلجیکا، ڤینۆ لێتیسیا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئاندۆڵو باسی لەوە کرد کە رەوشی ئێستا لەگەڵ سێ مانگی رابردوودا جیاوازییەکی زۆری نییە، بەرپرسان چوونە شوێنە زیانلێکەوتووەکان بەڵام هیچ شتێکیان نەکرد.
لێتیسیا، ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی ئەوەی بۆرییەکانی گواستنەوەی غازی سروشتی زیانیان بەرکەوتووە لە ئێستادا غاز ناچێت بۆ ناو خانووی شوێنە زیانلێکەوتووەکان و رایگەیاند: "هەموو شتێک بەهێواشی بەڕێوەدەچێت. زستان زۆر نزیکبووەتەوە. پێویستە چارەسەری بەپەلە بۆ ئەم رەوشە بدۆزرێتەوە. رێکخراوی خاچی سوور لە یەکی ئابەوە دەست بەکار بووە و هەتا ئاداری ٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت لە دابەش کردنی ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە بەسەر لێقەوماواندا".