Bahattin Gönültaş
20 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2023
بەرلین - AA
دادگای رووسیا، هەموو سەروەت و سامانی ڤۆڵکسواگنی لەو وڵاتە سڕکرد.
بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل GAZ کە ناوەندەکەی لە رووسیایە، دوای ئەوەی لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا، هاریکاریی لەگەڵ گرووپی ڤۆڵکسواگن کۆتایی پێهات، سکاڵای لە دژی کۆمپانیای وەبەرهێنی ئەڵمانی تۆمار کرد.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی کۆمێرسانت-ی رووسی، دوای کۆتاییهاتنی هاریکاریی نێوانیان، Gaz ١٥،٦ ملیار روبڵ (١٩٠ ملیۆن یۆرۆ) زیانی بەرکەوتووە. دادگای رووسی کە کار لەسەر دۆسیەکە دەکات لە ١٧ی ئاداردا بڕیاری لە بەرژەوەندی Gaz دا و هەموو سەروەت و سامانی ڤوڵکسواگنی لە رووسیا سڕکرد.
پاش ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا سزایان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند، ڤۆڵکسواگن چالاکییەکانی لە رووسیا هەڵپەسارد. کۆمپانیای Gazیش پێشتر لە کارگەکەی لە نیژنی نۆڤگۆرۆد ئۆتۆمبێلی بۆ ڤۆڵکسواگن دروست دەکرد.
لەم نێوەندەدا، ڤۆڵکسواگن هەوڵی دەدا کارگەکەی لە کالوگا بفرۆشێت، کە توانای بەرهەمهێنانی ٢٢٥ ئۆتۆمبێلی هەیە لە ساڵێکدا و دەکەوێتە باشووری مۆسکۆ. کارکردن لەو کارگەیە لە مانگی ئاداری ٢٠٢٢دا راگیرابوو.
کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن، ساڵی رابردوو نزیکەی ٤٢ هەزار ئۆتۆمبێل و هەزار و ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی بازرگانیی لە رووسیا فرۆشتووە. گرووپەکە فرۆشی بەراورد بە ٢٠٢١ سەدا ٨٠ کەمی کردووە.