Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
18 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
لە ئەمریکا دادوەری فیدراڵی ویلایەتی هاوای، دێریک واتسن بڕیارەکەی ئیدارەی واشنتۆن کە لە ٢٤ی ئەیلوولدا دەرکراوە و تایبەتە بە ''سنووردارکردنی گەشتکردنی هاووڵاتییانی هەشت وڵات، بە هۆی ئەوەی ''جیاکاریی لە نێوان خەڵکدا لەسەر بنەمای رەگەز دەکات'' راگرت.
دێریک واتسن بڕیاری سەبارەت بە دوایین سنووردارکردنی گەشتکردن بۆ ئەمریکا کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەریکردبوو، دا.
واتسن بڕیارەکەی ئیدارەی واشنتۆن کە لە ٢٤ی ئەیلوولدا دەرکراوە و تایبەتە بە سنووردارکردنی گەشتکردنییی هاووڵاتییانی هەشت وڵات بە هۆی ئەوەی ''لەسەر بنەمای رەگەز جیاکاریی لە نێوان ئەو کەسانەدا دەکات کە دەیانەوێت سەردانی ئەمریکا بکەن'' رەتکردەوە و جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەستاند.
ئەو بڕیارە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وادەکات وەرگرتنی ڤیزە لە لایەن هاووڵاتییانی هەریەک لە ئێران، سووریا، سۆماڵ، لیبیا، یەمەن، کۆریای باکوور، ڤێنیزوێلا و چادەوە، بە پرۆسەیەکی ئەمنیی قورسدا تێپەڕببێت.
لە کاتێکدا لە لایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە هیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە، دادگای باڵای ئەمریکا بەبیانووی بوونی دوایین گۆڕانکاریی لە بڕیارەکەدا کە لە لایەن حکوومەتەوە ئەنجامدراوە ئاماژەی بەوەکردبوو پێویست بە بڕیاری دادگا سەبارەت بە یاساغی گەشتکردن ناکات.
دێریک واتسن جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی کە لە مانگی ئازاردا دەریکردبوو و تایبەت بوو بە قەدەغەکردنی گەشتکردنی دانیشتوانی هاووڵاتییانی شەش وڵاتی موسڵماننشین بۆ ئەمریکا، راگرتبوو. دواتر ئیدارەی ترەمپ کەیسەکەی بردبووە دادگای باڵا.
ئەوە راگەیەنرابوو بڕیاری نوێی قەدەغەی گەشتکردن کە ٢٤ی ئەیلوولدا واژووکرا و وا بڕیاربوو جێگەی بڕیارە نوێیەکە بگرێتەوە و لە رۆژی ١٨ی تشرینی یەکەمەوە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە بڕیارە نوێیەکەدا سودان لە لیستی ئەو وڵاتانەی قەدەغەکەیان لەسەرە دەرهێنرابوو، بەڵام هەریەک لە کۆریای باکوور، ڤێنیزوێلا و چادی بۆ زیادکرابوو.
لە مانگی ئازاردا ئیدارەی ترەمپ بڕیاری ئەوەیدا بوو کە پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی ئێران، سووریا، سودان، سۆماڵ، یەمەن و لیبیا بۆ ماوەی ٩٠ رۆژ و پەسەندکردنی سەرجەم داواکارییەکانی پەنابەریی کە پێشکەشی ئەو وڵاتە کراون بۆ ماوەی ١٢٠ رۆژ رابگرێت.
دوای ئەوەی لە لایەن دادگاوە بڕیارەکە راگیرا، وەزارەت دادی ئەمریکا کەیسەکەی بۆ دادگای باڵای ئەمریکا گواستەوە.