Sarp Özer
22 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2022
قایسەری – AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار سەبارەت بە داخستنی رادار لەلایەن یۆنانەوە لهسەر فڕۆکەکانی تورکیا رایگهیاند: "ئەمە هەڵویستێکی دوژمنانەیە و ئەوە نیشاندەدات کە یۆنان ئەوەندە خۆی بەزل دەزانێت، پرهنسیپ و بەها سەرەکییەکانی ناتۆ پشتگوێ دەخات".
کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی تورکیا-جۆرجیا-ئازەربایجان بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی ئازەربایجان زاکیر حەسەنۆڤ و وەزیری بەرگریی جۆرجیا، ژوانشەر بورچولزادە لە پارێزگاى قایسهری ناوهڕاستی توركیا بەڕێوەچوو.
خولوسی ئاکار، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەرمینیا ئەو دەستی ئاشتی و دۆستایەتییە بگرێت کە بۆی درێژ کراوە و گوتی: "دەبێت ئەرمینیا ئەم دەرفەتە باش بە کاربهێنیت. ئەگەر ئەرمینیا خۆی لە پێشێلکردنەکان بەدوور بگرێت، پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست بێت ئەوە دەتوانێت ببێتە بەشێک لە ئاشتی و سەقامگیری. ئومێدەواری ئەمەین. بنیاتنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکە و بەردەوامیدانی سوود بۆ ئاسایش و بووژانەوەی ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە دەبێت".
ئاکار باسی لەوە کرد کە یۆنان هەموو رۆژێک کاری ئیستفزازی نوێ بۆ سیاسەتە شەرانگێزییەکانی زیاد دەکات و گوتی: "دوایین جار لە کاتی ئەو مانۆڕەی کە پلانی بۆ دانراوە لە یۆنان بەڕێوەبچێت سەرەڕای ئەوەی فڕۆکەکان چەکداری نەبوون و کار بۆ ناتۆ دەکەن بەڵام رادار لهسەر فڕۆکەکانمان داخراوه. وەڵامی پێویست لەلایەن فڕۆکەکانمانەوە دراوەتهوه. ئەمە هەڵویستێکی دوژمنانەیە و ئەوە نیشاندەدات کە یۆنان ئەوەندە خۆی بەزل دەزانێت، پرهنسیپ و بەها سەرەکییەکانی ناتۆ پشتگوێ دەخات".
گوتیشی: "لە ئەنجامدا لەگەڵ ئەوەی لە قوبرس، دەریای ئیجە و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ دیالۆگ کراوەین رێگەمان بە هیچ دیفاكتۆیهك نەداوە و نادەین. ئێمە پێداگر و سوورین و توانای پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی خۆمان و براکانمان لە قوبرس هەیە. دەمەوێت بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژە بەوە بکەم کە چاوەڕوانی هەڵوێستێکی بێلایەن، بابەتییانە، عاقڵانە و لۆجیكی لە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ و بە تایبەتی ئەمریکا دەکەین. دەمانەوێت هەمان هەڵوێست لە پرسی فڕۆکەی ئێف-16 ببینین. ئیتر چاوەڕێی هەنگاوی ئەرێنی و کرداری لەلایەن ئەمریکاوە دەکەین".
- "حەشارگەکانی تیرۆریستان بە سەریاندا دەروخێندریت"
وەزیری بەرگریی تورکیا ئەوەی خستەڕوو کە خەباتی سوپای تورکیا لە دژی تیرۆریستان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بە پێداگری، سووربوون و سەرکەوتنەوە بەردەوامە و گوتی: "تیرۆریستە سەردەستەکانی پەکەکە کە ناتوانن بەرامبەر سەربازەکانمان بوەستن و چوونهته ژێر زەوی و خەڵکی بێ تاوان دەکەنە ئامانج".
خولوسی ئاکار پەیامی ئهوهی دا كه "حەشارگەکانی تیرۆریستان بە سەریاندا دەروخێندریت" و گوتی: "هیچ کەس بۆی نییە و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن چاوەڕێی ئەوەمان لێبکەن لەو تیرۆریستانە خۆشبین کە لهسهر سنوورەکانمان جێگیربوون. سوپای تورکیا، سەرجەم رێوشوێنە پێویستەکانی لە هەر کات و شوینێکدا بێت بۆ ئاسایشی وڵات و گەلە رەسەنەکەمان گرتووەتەبەر و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت".