Ramal Mahmoo
01 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2016
حەلەب - AA
چڕبوونەوەی هێرشەکانی هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و میلیشیا شیعەکان بۆسەر رۆژهەڵاتی شاری حەلەب بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان هاووڵاتی مەدەنی و داخستنی نانەواخانەکان بەهۆی ئەوەی کراونەتە ئامانجی هێرشەکان و نەبوونی ئاردەوە.
هێزەکانی رژێم و پشتیوانانی لە ١٥ی مانگەوە بەچڕی هێرشی ئاسمانی و وشکانی دەکەنە سەر گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دایە. لەئاکامی ئەو هێرشانەدا لە ماوەی ١٦ رۆژی رابردوودا ٧٣٩ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەموو قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی ئەم ناوچانە داخراون.
لەو ناوچانە کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی دەژین لە شەممەی رابردووەوە تەنها سێ نانەواخانەی لێماون بە کراوەیی.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی حەلەب، نەجیب ئەنساری بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ئەو نانەواخانانەی لە شەممەی رابردووەوە داخراون هێشتا نەکراونەتەوە و گوتی: "تەنها سێ نانەواخانە بە کراوەیی ماونەتەوە. بەوە راناگەن نان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییان ببرژێنن. نانەواخانەکانی دیکە یان کرابوونە ئامانجی هێرشەکان یان بەهۆی نەبوونی ئاردەوە دایانخستووە. شەممە ئەو سێ نانەواخانە نانیان دەفرۆشت، بەڵام بەهۆی هێرشی ئاسمانی چڕ نەیانتوانی. ماوەی پێنج رۆژە تەنانەت نەیانتووانیووە یەک نانیش ببرژێنن".
بەهۆی پێشگیرییەکانی رژێمی سووریاوە لە حەوتی تەمووزی رابردووەوە هیچ کاروانێکی هاوکاری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان نەگەیەنراوەتە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب.