جيهان, رەمەزان مانگی رەحمەت و بەرەکەت

جۆ بایدن پیرۆزبایی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی لە موسڵمانان کرد

- سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن: "موسڵمانان تا ئێستاش دەکرێنە ئامانجی توندوتیژی و رق و کینە. ئەم پەلامارانە کاری هەڵەن و مایەی قبوڵکردن نین، پێویستە ئەم پەلامارانە بوەستێندرێن و نابێت هیچ کەسێک لە ئەمریکا بەترسەوە پەیڕەوی لە بیروباوەڕی خۆی بکات"

Dildar Baykan  | 13.04.2021 - نوێکردنەوە : 15.04.2021
جۆ بایدن پیرۆزبایی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی لە موسڵمانان کرد

Washington DC

واشنتۆن- AA

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی: "من و جیل-ی هاوسەرم لە ناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی ئەمریکا و جیهان دەکەین و هیوای رەمەزانێکی خۆشیان بۆ دەخوازین".

جۆ بایدن، ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە، موسڵمانان ناتوانن لەگەڵ خۆشەویستانیان پێکەوە لەسەر سفرەی بەربانگ کۆببنەوە، بەڵام موسڵمانان بە هیوای نوێوە دەست بەم مانگە دەکەن.

سەرۆکی ئەمریکا، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە موسڵمانان لە دامەزراندنی ئەمریکا-وە تا ئێستا ئەو وڵاتەیان دەوڵەمەند کردووە و نووسیویەتی: "موسڵمانان لە دروستکردنی ڤاکسیندا لە ریزی پێشەوەی کارمەندانی تەندروستیدا بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا".

- "نابێت لە ئەمریکا هیچ کەسێک بەترسەوە پەیڕەوی لە بیروباوەڕی خۆی بکات"

جۆ بایدن ئاماژەی بەوەشدا کە موسڵمانان لە کەرتە گرنگەکانی وەک وەبەرهێنان، فریاگوزاری، پەروەردە و خزمەتگوزاری گشتیدا کاردەکەن و نووسیویەتی: "موسڵمانان تا ئێستاش دەکرێنە ئامانجی توندوتیژی و رق و کینە. ئەم پەلامارانە کاری هەڵەن و مایەی قبوڵکردن نین، پێویستە ئەم پەلامارانە بوەستێندرێن و نابێت هیچ کەسێک لە ئەمریکا بەترسەوە پەیڕەوی لە بیروباوەڕی خۆی بکات".

سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوەشکردەوە کە شانازی بەوەوە دەکات، یەکەم رۆژی هاتنە سەر دەسەڵات، بڕیاری قەدەغەی هاتنی هاووڵاتییانی هەندێک وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکای هەڵوەشاندووەتەوە و رایگەیاند "بەردەوام دەبم لە پاراستنی مافی موسڵمانە ئویگورەکان لە چین، موسڵمانە ئاراکانییەکان لە میانمار و تەواوی ئەو موسڵمانانەی لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا مافەکانیان پێشێل دەکرێت".

جۆ بایدن، باسی لەوەشکردوە کە رۆژانی پڕ لە ئومێد لەڕێن و ئایەتی "اللَّهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ و الْأَرْضِ" وەبیرهێناوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ لە کۆشکی سپی و بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و بەحەسرەتەوە چاوەڕوانن ساڵی داهاتوو بەشێوەی رووبەڕوو جەژن بکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın