ئەنقەرە - AA
ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێکی پڕ لە رووداو و سەخت بوو بۆ جیهان.
دیارترین رووداوی ئەمساڵیش بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بوو. لە سەرەتای ٢٠٢٠دا، دەستکرا بە لێکۆڵینەوە لەو نەخۆشییە نەزانراوەی کە لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین بڵاوبووبووەوە، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر خێرا پەتاکە لە ناوچەکانی دیکەی چین-دا بڵاوبووەوە و بۆ وڵاتانی دیکەش تەشەنەی سەند.
لە ئەنجا
مدا، وڵاتانی جیهان کۆمەڵێک رێوشوێنیان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گرتەبەر و دیارترینیشیان بەکارهێنانی دەمامک بوو کە بووە بە بەشێک لە ژیانی رۆژانە.
لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٠دا، ریزبەندی گرنگترین رووداوە جیهانییەکان بەمشێوەیە بوون:
کانوونی دووەم
دووی کانوونی دووەم
- بە هۆکارێکی نەزاندراو جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی سارس لە چین بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە ٥٩ کەس گیانیان لەدەستدا.


سێی کانوونی دووەم
- لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە بەغدا پایتەختی عێراق، فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندس کوژران.

پێنجی کانوونی دووەم
- حکوومەتی ئێران، رایگەیاند کە پابەند نابێت بە هیچ ئەرکێکی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە.

حەوتی کانوونی دووەم
- رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی قاسم سولەیمانی لە شاری کرمان رێکخرا و لە میانی رێوڕەسمەکەدا، بەهۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆوە، ٥٦ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢١٣ی دیکەش برینداربوون. بەهۆی قەرەباڵغییەوە بەخاکسپاردنی تەرمەکە بۆ هەشتی کانوونی دووەم دواخرا.

- لە ئیسپانیا، بە سەرۆکایەتی سەرکردەی پارتی سۆسیالیستی کرێکاران، پێدرۆ سانچێز حکوومەتی هاوپەیمانی پێکهێندرا. لە مێژووی دیموکراسی ئەو وڵاتەدا و لە دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر فرانکۆ لە ساڵی ١٩٧٧دا، ئەمە یەکەمجارە حکوومەتی هاوپەیمانی لە ئیسپانیا پێکبهێندرێت.

هەشتی کانوونی دووەم
- سوپای پاسدارانی ئێران، بۆردومانکردنی بنکەیەکی ئاسمانی ئەمریکا-ی لە عێراق راگەیاند. ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە بۆردومانەکەدا زیاتر لە ٨٠ سەربازی ئەمریکی کوژراون، بەڵام دواتر بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەیان خستەڕوو کە هیچ هاووڵاتییەکیان گیانی لەدەستنەداوە.

- لە تاران-ی پایتەختی ئێران، فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئۆکراینا ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکی گەشتەکەی کەوتەخوارەوە و لە رووداوەکەدا، ١٧٦ کەس گیانیان لەدەستدا. دواتر لە ١١ی کانوونی دووەمدا بەرپرسانی ئێران ئەوەیان خستەڕوو کە فڕۆکەکە بە خاڵێکی سەربازی هەستیاردا تێپەڕیوە و بەهەڵە خراوەتەخوارەوە.


- شازادە هاری و هاوسەرەکەی مێگان مارکڵ، وازهێنانیان لە ئەندامێتی خێزانی شاهانەی بەریتانیا راگەیاند.

نۆی کانوونی دووەم
- پڕۆژەیاسای برێکزیت لە پەرلەمانی بەڕیتانیا پەسەند کرا.

١٠ی کانوونی دووەم
- لە پەلامارێکی تیرۆریستی بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی لە نیجەر، ٨٩ کەس کوژران.

١١ی کانوونی دووەم
- سوڵتانی عومان، قابوس بن سەعید لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و سێ رۆژ لەو وڵاتە ماتەمینی راگەیەندرا.

١٥ی کانوونی دووەم
- پۆلیسی میسر، هەڵیکوتایە سەر نووسینگەی قاهیرە-ی ئاژانسی ئانادۆڵو و چوار کارمەندی دەزگاکە دەستبەسەرکران، دەستیش بەسەر کۆمپیوتەر و مۆبایلی کارمەندەکاندا گیرا. ئەم رەفتارەی پۆلیسی میسری کاردانەوەی لەسەر ئاستی رای گشتی دروستکرد و دواتر چوار کارمەندەکە بە کەفالەت ئازادکران.

٢٣ی کانوونی دووەم
- دیوانی دادی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی داوای یاسایی دژبە حکوومەتی میانمار لە بەرامبەر کۆمەڵکوژکردنی موسڵمانانی ئاراکان، بڕیاریدا رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی موسڵمانانی ئاراکان بگیرێتەبەر.

٢٤ی کانوونی دووەم
- پۆلیسی سکۆتلاند باڵاپۆشی وەک بەشێک لە جلی فەرمی پۆلیس راگەیاند.

٢٨ی کانوونی دووەم
- سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە کۆشکی سپی بەشێوەیەکی تاکلایەنە پلانی بەناو "ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"یان بۆ رای گشتی خستەڕوو.

٣١ی کانوونی دووەم
- بەریتانیا دوای ٤٧ ساڵ ئەندامێتی بەشێوەیەکی فەرمی لە یەکێتی ئەورووپا جیابووەوە.

شوبات
پێنجی شوبات
- لە دەنگدانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا-دا بە زۆرینەی دەنگ دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەر تۆمەتەکانی "خراپ بەکارهێنانی پۆست" و "رێگریکردن لە کارەکانی کۆنگرێس" بە بێتاوان ناسێندرا.

١١ی شوبات
- دادگای سزادانی هەولێر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دوو ئەنجامدەری تیرۆرکردنی سیاسەتمەداری تورک، عوسمان کۆسە دەرکرد کە لە ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٠دا لە چێشتخانەیەکی هەولێر بە دەستڕێژی گولـلە تیرۆر کرا.

١٣ی شوبات
- ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پڕۆژەیاسای "رێگریکردن لە دۆناڵد ترەمپ بۆ بەکارهێنانی هێز دژبە ئێران بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس"ی پەسەند کرد.

١٨ی شوبات
- کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان، بڕیاری کۆتایی لە بارەی هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٩دا و دووبارە ئەشرەف غەنی بە سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە.


١٩ی شوبات
- لە هەرێمی هێسن-ی ئەڵمانیا پەلامارێکی نەژادپەرستانە بۆسەر دوو کافتریا ئەنجامدرا و لە ئاکامدا، نۆ هاووڵاتی کوژران و پێنج هاووڵاتی دیکەش برینداربوون. دواتر لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسدا پەلاماردەرە ٤٣ ساڵەکە و دایکە ٧٢ ساڵەکەی لە ماڵەکەی خۆیاندا بە مردوویی دۆزرانەوە.

٢٣ی شوبات
- لە هیندستان، دوای هەموارکردنەوەی یاسای "پێدانی رەگەزنامە"، بە هاووڵاتییانی پاکستان، ئەفغانستان و بەنگلادیش کە لە پەیڕەوانی شەش ئایینی جیاوازن بەدەر لە ئایینی ئیسلام، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شاری نیودەلهی پایتەختی هیندستان دروست بوو و لە میانی چوار رۆژی خۆپیشاندانەکاندا، ٥٣ هاووڵاتی مەدەنی کوژران.

٢٥ی شوبات
- سەرکۆماری پێشووی میسر، حوسنی موبارەک دوای ماوەیەکی زۆر لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


٢٨ی شوبات
- بەڕیتانیا هەردوو رێکخراوی تاک و هەپەگە-ی سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە-ی خستە ریزی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

٢٩ی شوبات
- نوێنەرانی ئەمریکا و بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەستپێکی قۆناغی ئاشتی لە ئەفغانستان، رێککەوتننامەی "هێنانی ئاشتی بۆ ئەفغانستان"یان واژوو کرد.

ئادار
دووی ئادار
- نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی لیبیا، غەسان سەلامە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند. دواتر لە ٢٠ی تشرینی دووەمدا رێکخەری تایبەتی قۆناغی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیکۆلای ملادینۆڤ خرایە جێگەی.

چواری ئادار
- لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، کۆتا تووشبووی ڤایرۆسی ئیبۆلا چاکبووەوە کە ئەم ڤایرۆسە لە مانگی ئابی ٢٠١٨وە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوبووبووەوە و ببووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و ٢٦٤ کەس.

شەشی ئادار
- ناوەندی دارایی لەندەن "City of London" لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیەی بەرامبەر موسڵمانانی ئاراکان دەکرێت، خەڵاتی "Freedom of City"ی لە سەرۆکی میانمار، ئاونگ سانگ سوو چیی سەندەوە کە سێ ساڵ پێشتر ئەو خەڵاتەی پێبەخشی بوو.

هەشتی ئادار
- لە ئێران دەنگۆی "ئەلکهول بۆ کۆرۆنا باشە" بڵاوبووەوە و بەهۆی ئەلکهولی ساختەوە، ٧٢٨ کەس لە مانگەکانی ئادار و نیسان گیانیان لەدەستدا.

١٠ی ئادار
-پەرلەمانی رووسیا، پڕۆژەیاسای هەمووارکردنەوەی دەستوور تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی ڤلادیمیر پۆتین-ی پەسەند کرد.

١١ی ئادار
-رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کۆرۆنا-ی وەک پەتایەکی جیهانی ناساند.

١٧ی ئادار
-ناتۆ، رەزامەندی لەسەر ئەندامێتی کۆماری باکووری مەقدۆنیا دەربڕی، دوای کۆتایی هاتنی سەرجەم رێکارە فەرمییەکان لە ٢٧ی ئاداردا کۆماری باکووری مەکدۆنیا بووە ٣٠مین ئەندامی ناتۆ.

٢٣ی ئادار
-لە چاد، رێکخراوی تیرۆریستیی بۆکۆ حەرام پەلاماری هێزەکانی سوپای دا و لە ئاکامدا، ٩٨ سەرباز کوژران.

٢٤ی ئادار
- لە مۆزەمبیق، تەرمی ٦٤ کۆچبەری نایاسایی لە بارهەڵگرێکدا دۆزرایەوە.

٢٨ی ئادار
- ژنە شەڕکەری فەڵەستینی، تێرێسا هالسە لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا لە ئوردن کۆچی دوایی کرد.

news_share_descriptionsubscription_contact

