هه‌ولێر - AA
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر له هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایده‌گه‌یه‌نێت به‌رده‌وامن له پێدانی زانیاریی هه‌واڵگریی به هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌و زانیارییانه‌ی ئه‌وان بووه‌ته هۆی كوشتنی چه‌ندین سه‌ركرده‌ی باڵای رێکخراوی داعش و یاریده‌ده‌ری ئه‌بو به‌كر به‌غدادی، یاوه‌ر راشیده‌گه‌یه‌نێت"به‌پێی پلان ده‌بێت پێش مانگی ره‌مه‌زان رزگاركردنی مووسڵ كۆتایی پێبێت"، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه "به‌رزگاركردنی مووسڵ داعش كۆتایی نایه‌ت".فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت ئه‌بو به‌كر به‌غدادی له‌نێوان بیابانی مووسڵ و سووریا هاموشۆ ده‌كات.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ نزیكه‌ی شه‌ش مانگه ده‌ستی پێكردووه، به‌پێی پلانه‌كه كه‌ی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه ته‌واوده‌بێت و مووسڵ به‌ته‌واوه‌تی رزگارده‌كرێت؟
جه‌بار یاوه‌ر: "ئێمه وه‌كو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌شدارییمان له پلانی یه‌كه‌مدا كرد، هه‌ڵبه‌ت دیاره دوو پلان بۆ رزگاركردنی مووسڵ هه‌بوون، پلانێكیان بۆ رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ، هه‌روه‌ها پلانێكیشیان بۆ رۆژئاوای مووسڵ، ئێمه له داڕشتنی پلانی رۆژئاوای مووسڵ هه‌روه‌ها له شهڕكردنهكانیش به‌شدارییمان كرد، هه‌روه‌ها به‌شداریشمان له دابینكردنی رێگه‌یه‌كی ئاسایش بۆ هاموشۆی هێزه‌كانی عێراقی فیدڕاڵی كه هه‌ندێك لههێزهكانییان له باشوور و هه‌ندێكیشیان له ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه هاتوون، ئێمه ئاسانكارییمان بۆ كردن بۆ ئه‌وه‌ی بێنه كه‌ركووك و له‌وێوه بۆ هه‌ولێر، دواتر هه‌ندێكیان بچن بۆلای مه‌خموور، به‌شێكیان بۆ لای به‌نداوی مووسڵ، هاوكات به‌شێكیان بۆ ئاسكی كه‌له‌ك و سه‌ره‌تا جێگیر بوون، دوای كه ئێمه پڕۆسه‌كانی خۆمان ته‌واوكرد ئینجا ئه‌وان ده‌ستیان به پڕۆسه‌ی سه‌ربازیی كرد، جگه له‌وه پشتیوانیمان كردوون به پێدانی زانیاری سه‌ربازیی له‌سه‌ر جموجۆڵه‌كانی داعش و بنكه و باره‌گاكانییان، چونكه ئێمه‌ش ده‌زگای هه‌واڵگریی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشمان هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌واڵگریی پێشمه‌رگه كه هه‌واڵ كۆده‌كه‌نه‌وه و له‌رێگه‌ی هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌درێته فڕۆكه‌كانی هێزه ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانان، جگه له‌وه هاوكارییمان كردوون بۆ چاره‌سه‌ركردنی بریندارهكانییان، چونكه هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ هێزه‌كانی عێراق و خه‌ڵكی سڤیلی مووسڵیش نه‌بووه، هه‌رچی بریندارهكانییان هه‌بووه هاتوون بۆ هه‌ولێر و دهۆك.
ئێمه لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می پلانه‌كه‌مان ته‌واوكرد و ئه‌و ناوچانه‌ی په‌یوه‌ندیی به ئێمه‌وه هه‌بوو له ناوچه‌كانی خازر و باشیك و لای به‌نداوی مووسڵ ته‌واومان كرد و هه‌موومان گرتنه‌وه، دوو رێگه‌مان بۆ كردنه‌وه، رێگه‌ی یه‌كه‌میان له‌لای باشیكه‌وه بوو بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه گۆگجه‌لی له رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ، هه‌روه‌ها رێگهیهكیشمان لهخازرهوه بۆ كردنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بچنه شۆره و حه‌مام عه‌لیل، ئه‌وه‌ش بووه ده‌روازه‌یه‌ك بۆ رۆژئاوای مووسڵ، چونكه له‌وێوه هێزه‌كان چوون بۆ سه‌ربازگه‌ی غه‌زلانی و فڕۆكه‌خانه‌ی مووسڵ.
له 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2016 هێزه‌كانی عێراق ئۆپه‌راسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ-یان ده‌ستپێكرد و تا 17ی شوباتی 2017 كرده‌كان به‌رده‌وام بوون، له 19ی شوبات پلانی دووه‌م ده‌ستی پێكرد بۆ رزگاركردنی رۆژئاوای مووسڵ، به‌پێی زانیارییه‌كان رۆژئاوای مووسڵ 38 گه‌ڕه‌ك ده‌بێت، تا ئێستا 32 گهڕهكییان رزگاركراون، شه‌ش گه‌ڕه‌ك ماون، ئه‌مه جگه له ته‌له‌عفه‌ر و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری مووسڵ و ناوچه‌ی سه‌ر به شنگال و ناحییه‌ی به‌عاج و حه‌زه‌ر و شوێنی تر.
ئه‌وه‌ی ئێمه زانیومانه حكوومه‌تی فیدڕاڵ پلانێكی نوێیان هه‌یه و هه‌ندێك هێزی نوێیان هێناوه و ئه‌مریكییه‌كانیش زیاتر پاڵپشتییان ده‌كه‌ن، جۆره ته‌كتیكێكی نوێ به‌كارده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی سڤیل نەبنە قوربانی، بۆیه مووشه‌كی ئاراسته‌كراو به‌كارده‌هێنن به‌تایبه‌ت بۆ قه‌ناس به‌ده‌سته‌كان و چه‌كی نوێ به‌كاردهێنرێت، هه‌روه‌ها رووماڵێكی ئاسمانی له‌لایه‌ن فه‌ڕه‌نسییه‌كان و ئه‌مریكییه‌كان به‌رده‌وامه بۆ دیاریكردنی خاڵه‌كانی داعش، بۆیه پلان دانراوه پێش ره‌مه‌زان مووسڵ به‌ته‌واوه‌تی رزگاربكرێت.
پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌وه راست بێت، چونكه نزیكه‌ی مانگێك ماوه و هه‌وڵی زۆر ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی رزگاركردنی هه‌موو مووسڵ ته‌واو ببێت و ئه‌گه‌ر تا پێش مانگی شه‌ش واته داعش سێ ساڵی پێنه‌چێت و داعش له مووسڵ ده‌ربكه‌ن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێتان وایه له‌دوای رزگاركردنی مووسڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌ش له داعش، شه‌ڕ هه‌ر به‌ده‌وام ده‌بێت، ئه‌مه چۆن؟
جه‌بار یاوه‌ر: "به‌ڵێ، رزگاركردنی مووسڵ كۆتایی داعش نییه، هێشتا له‌عێراق ناوچه‌ی گه‌وره به‌ده‌ستی داعشه‌وه ماوه، له پارێزگای ئه‌نبار قائیم و عانه و ده‌روازه‌یه‌كی سنووری و شوێنی تریش ماون، به‌پێی ده‌نگوباسه‌كان هێزێكی ئه‌مریكی هاتوون بۆ بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌لئه‌سد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه رزگار بكه‌ن، جگه له‌وه هێشتا لای كه‌ركووك حه‌ویجه، ریاز، عه‌باسییه، ره‌شاد، هێشتا له حه‌مرین باره‌گایان هه‌یه ئه‌مانه هه‌مووی ماون، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه رزگاریش بكرێن، به‌ڵام داعش وه‌كو بیر به‌تایبه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ده‌مێنێت، به‌تایبه‌ت له مووسڵ، سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ركووك، ئه‌نبار، بۆیه ده‌بێت شه‌ڕی فكرییان له‌گه‌ڵ بكرێت.
هه‌روه‌ها به‌پێی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانی ئێمه و هاوپه‌یمانان و هه‌روه‌ها به‌پێی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانی عێراقیش، داعش ماوه‌یه‌كه هه‌وڵ ده‌دات شێوازی شه‌ڕه‌كه‌ی بۆ شه‌ڕێكی شێوازی رێكخراوی قاعیده بگوڕێت، واته به‌شێوه‌ی گرووپ شه‌ڕ بكات و په‌لامار ئەنجام بدات ئه‌گه‌ر شاره‌كانی به‌ده‌سته‌وه نه‌ما، ناوچه‌كانی ده‌شتاییه‌كانی مووسڵ و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ئه‌نبار و لای حهمریش فراوانن و كۆنتڕۆڵكردنییان ئاسان نییه، بۆیه ئه‌و شه‌ڕه تا دوو بۆ سێ ساڵی تریش به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یكی دیكه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: چاره‌نووسی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی دیار نییه، ئه‌و له‌كوێیه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "دەزگا هه‌واڵگرییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام چاودێریی سه‌ركرده باڵاكانی داعش ده‌كه‌ن به ئه‌بو به‌كر بهغدادییشهوه، زۆرێك له‌و سه‌ركرده باڵا و نزیكه‌كانی ئه‌بو به‌غدادی كه له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه كوژراون به‌پێی زانیارییه‌كانی هه‌واڵگرییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون، زۆر سه‌ركرده و یاریده‌ده‌ری به‌غدادیش به‌و زانیارییانه كوژراون، ئه‌بو به‌كر به‌غدادی به كاروانی ئۆتۆمیێلی زۆر ناگه‌ڕێت، هه‌وڵ ده‌دات به ئۆتۆمبێلی كه‌م و گۆڕینی ژماره‌ی ئۆتۆمبێله‌كان ده‌ركه‌وێت، هه‌روه‌ها زۆر به‌كه‌می ده‌سووڕێته‌وه، له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تایبه‌تی كه‌م ده‌گه‌ڕێت وه‌كو ئه‌وه‌ی له ناوچه‌ی بیابانی مووسڵ هه‌یه، به‌شێوازی سێبه‌ر فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ده‌كات، هه‌ندێك جار فه‌رمانی داوه هێزه‌كان بكشێنه‌وه و هه‌وڵ نه‌ده‌ن شه‌ڕێكی وا بكه‌ن هه‌موویان بكوژرێن، به‌ڵام پلانی هێزه‌كانی عێری فیدڕاڵ ئه‌وه‌یه رێگه‌كانی دهربازبوونییان لێ بڕیون و وایان كردووه زۆرترین فه‌رمانده‌یان بكوژرێن. ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، ده‌زگاكانی ئاسایش، هه‌واڵگریی پێشمه‌رگه‌ش به‌رده‌وام له چاودێریی ئه‌و جوڵانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی داعش ده‌كه‌ن به به‌غدادیشه‌وه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: واته به‌غدادی له بیابانی نێوان مووسڵ و سووریا له‌وێ هاموشۆ ده‌كات؟
جه‌بار یاوه‌ر: "به‌ڵێ جارێكیش له نزیكی قائیم لێیدرا و هه‌ندێك سهركردهشیان لێ كوژراون و به‌غدادی بریندار ببوو".
ئاژانسی ئانادۆڵۆ: پشتیوانی ئه‌مریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له پڕچه‌ككردنی چه‌ند لیوایه‌كی پێشمه‌رگه كه به‌شێكیان له‌كه‌ركوكن به‌رده‌وامه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "حكوومه‌تی ئه‌مریكا بڕیاری داوه دوو لیوای پێشمه‌رگه به چه‌كی ئه‌مریكی له چه‌كی سووك تا چه‌كی قورس، هه‌روه‌ها هه‌موو ئامێره‌كانی گواستنه‌وه‌ی زرێپۆشی وه‌كو هێمڤی و ئێم راپس کە له شه‌ڕدا به‌كاردێن، پڕ چه‌ك بكات، ئه‌و هێزانه لیوای یه‌ك و دووی پیاده‌ی كه‌ركووكن و مه‌شقیان ته‌واو كرد، چه‌كییان وه‌رگرت، ئێستاش هه‌ردوو لیواكه له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕن له كه‌ركووک، یه‌كێكیان له باشوور و یه‌كێكیان له باكووری رۆژئاوای كه‌ركووكن كه نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پێشمه‌رگه ده‌بن، هه‌موو پێویستییه‌كیان له جلوبه‌رگ و مه‌شق كردن و چه‌ك و ئامێره‌كان و هه‌موو شتیان وه‌رگرتووه، ئه‌مریكییه‌كان له پڕۆژهیاندایه بۆ ساڵی 2018 دوو لیوای دیكه‌ی هێزی پێشمه‌رگه به‌هه‌مان شێواز پڕچه‌ك بكه‌ن، چونكه ئه‌مریكییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی عێراق نزیكه‌ی 200 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه ته‌رخان كردووه، له‌و بڕه 100 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕچه‌ككردنی دوو لیوای تر ته‌رخان ده‌كرێت و كه‌ی پاره‌كه ئاماده‌ده‌كرێت بڕیار ده‌ده‌ین كه كام لیوایانه بگرێته‌وه، ئێستا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین كه پاره‌كه ته‌رخان بكه‌ن، جگه له‌وه‌ش پاره‌یه‌كی دیكه‌شیان ته‌رخانكردووه له‌و 200 ملیۆن دۆلاره بۆ یه‌ده‌گی پێویستی ئه‌و ئامێره جه‌نگییانه‌ی كه پێویستن، هه‌روه‌ها پاره‌یه‌كی ته‌رخانكردووه بۆ یه‌كخستن و رێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می گه‌یاندن، چونكه ئێستا چه‌ند جۆرێكه و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت یه‌ك جۆر سیسته‌م بێت، هه‌روه‌ها پاره‌یه‌كی دیكه‌ش ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ سیسته‌می خواردن و سووته‌مه‌نی و شتی دیكه، ئه‌وه جگه له 415 ملیۆن دۆلاره‌كه‌ی دیكه كه بۆ مووچه‌ی پێشمه‌رگه و ئه‌وه‌ش به‌رده‌وامه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: به‌مدواییانه لیوای پێشمه‌رگه بۆ عه‌ره‌به‌كانی نه‌ینه‌وا دروست كرا، ئه‌مه به‌رده‌وام ده‌بێت یان به‌ته‌نها ئه‌وه‌بوو كه دروستكرا؟
جه‌بار یاوه‌ر: "ئه‌مانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ئێمه‌وه نییه، مه‌شقپێكردن و راهێنان و به‌ڕێوه‌بردنییان هه‌مووی په‌یوه‌ستن به فەرماندەیی زێڕهڤانییهوه كه به‌شێكه له وه‌زاره‌تی ناوخۆ، واته ئه‌و هێزانه په‌یوه‌ندییان به ئێمه‌وه نییه".
news_share_descriptionsubscription_contact

