جيهان

تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ ئاراستەی سعوودیە و ئیمارات دەکرێت

Bayram Altuğ  | 09.09.2020 - نوێکردنەوە : 09.09.2020
تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ ئاراستەی سعوودیە و ئیمارات دەکرێت

Geneve

جنێڤ- AA

شاندی نێودەوڵەتیی بۆ یەمەن کە لە ساڵی ٢٠١٧وە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە دامەزراوە، راپۆرتێکی ٥٥ لاپەڕەیی لە بارەی رووداوەکانی یەمەن لە تەمووزی ٢٠١٩- حوزەیرانی ٢٠٢٠ ئامادە کردووە.

لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە سەرباز و ئەفسەرانی سعوودیە و ئیمارات چەندین تاوانی جەنگیان لە یەمەن ئەنجامداوە.

- لە پێکدادانەکانی یەمەن-دا، دوو هەزار و ١٣٨ منداڵ کوژراون

شاندی نێودەوڵەتیی بۆ یەمەن لە راپۆرتەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی یەمەن-ەوە تا ئێستا، ١١٢ هەزار کەس کوژراون، لەو ژمارەیەیش ١٢ هەزاریان هاووڵاتی مەدەنی بوون.

هەروەها بەڵگەکانی نووسینگەی کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان خراونەتەڕوو کە ئەوە نیشان دەدەن لە ئاداری ٢٠١٥ تا حوزەیرانی ٢٠٢٠ بەهۆی پێکدادانەکانەوە، حەوت هەزار و ٨٢٥ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون کە دوو هەزار و ١٣٨یان منداڵ بوون.

- یەک بەیەکی چالاکییە سەربازییەکانی ئیمارات باسکراون

لە راپۆرتەکەی شاندی نێودەوڵەتیی بۆ یەمەن باس لە بەردەوامی چالاکییە سەربازییەکانی ئیمارات لە یەمەن کراوە و جەخت لەوەیش کراوەتەوە کە بۆردومانە ئاسمانییەکانی ئیمارات درێژەیان هەیە.

ئەوەیش ئاشکرا کراوە ئیمارات بێجگە لە هێزەکانی خۆی کە نزیکەی ١٥ هەزار سەرباز دەبن، پشتیوانی ٩٠ هەزار شەڕکەری یەمەنییشە.

لە راپۆرتەکەدا یەک بەیەکی چالاکییە سەربازییەکانی ئیمارات باسکراون.

- "حکوومەتی یەمەن و سعوودیە چەندین تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە"

شاندی نێودەوڵەتیی بۆ یەمەن ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حکوومەتی یەمەن، سعوودیە و ئەنجوومەنی راگوزەری باشووری یەمەن منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵیان لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کردووە و کردویانن بە شەڕکەر.

هەروەها باس لەوەیش کراوە سعوودیە و ئیمارات لە بۆردومانە ئاسمانییەکاندا، هیچ پێوەرێک بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و دەزگا مەدەنییەکان رەچاو ناکەن و ئەمەیش بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت.

ئەوەیش ئاشکرا کراوە کە بەڵگە لەسەر تاوانی جەنگی هەموو لایەنەکان هەیە و لەڕێی کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی، ئەشکەنجەدان، مامەڵەی نامرۆڤانە، دەستدرێژی و ئەشکەنجەی سێکسی، سووکایەتی پێ کردن و رێگریکردن لە دادگاییکردن پێشێلکارییان بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ کردووە.

هەریەکە لە سعوودیە و ئیمارات کاردانەوەی توندیان بەرامبەر ئەم راپۆرتە نیشان دا و لەبەرامبەردا، شاندی نێودەوڵەتیی بۆ یەمەن داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات هەردوو وڵات بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بدات بە دادگای سزادانی نێودەوڵەتی.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن دەستیان بەسەر شاری سەنعا و چەند ناوچەیەکی یەمەن-دا گرتووە.

لە ئاداری ٢٠١٥وە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی سعوودیە بۆ پشتیوانیکردنی حکوومەتی یەمەن و بەرەنگاربوونەوەی حووسییەکان، ئۆپەراسیۆنیان لە یەمەن دەست پێ کردووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın