Zana Natık Kerem
07 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2018
تونس ــ AA
دەستەی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی تونس رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە دوێنێ یەکشەممە بەڕێوەچوو، گەیشتووەتە ٣٣،٧ لەسەدا.
لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، دەستەی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە تونس ئاماژەی بەوەداوە لە کۆی پێنج ملیۆن و ٣٦٩ ھەزار دەنگدەر کە ناویان لە لیستی دەنگدەراندا تۆمار کرابوو، تەنھا دوو ملیۆن و ٧٩٦ ھەزارو ١٥٤یان لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان، دەنگیان داوە.
بەپێی بەیاننامەکە زۆرترین رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە بازانەی شاری مونسەتیر رۆژھەڵاتی وڵات تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە ٤٦ لەسەدا، کەمترین رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە بازانەی تونسی پایتەخت تۆمارکراوە کە گەیشتووە ٢٦ لەسەدا".
بە پێی ئەنجامە نافەرمییەکان، پارتی نەھزە زۆرترین دەنگەکانی لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان، بەدەستھێناوە و بووەتە براوەی ھەڵبژاردنەکە.
شەوی رابردوو، کەناڵی فەرمی تونس ئەنجامە نافەرمییەکانی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بڵاوکردبوویەوە و رایگەیاندوو کە بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان، بزووتنەوەی نەھزە لەسەدا ٢٧،٥ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.
ئاماژەی بەوە کردبوو کە بزووتنەوەی نەھزە بە بەدەستھێنانی لەسەدا ٢٧،٥ی دەنگەکان پلەی یەکەمی لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەدەستھێناوە.
پارتی بزووتنەوەی نیدا بە بەدەستھێنانی لەسەدا ٢٢،٥ی دەنگەکان پلەی دووەمی بەدەستھێناوە.
دوێنێ یەکشەممە پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تونس بەڕێوەچوو.
پێشتر دەستەی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی تونس رایگەیاندبوو کە بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان ناوی پێنج ملیۆن و ٣٦٩ ھەزار دەنگدەر لە ١١ ھەزارو ١٨٥ بنکەی دەنگدان تۆمارکراون، ھەروەھا لە ٣٥٠ فەرمانگەی شارەوانی نزیک بە دوو ھەزارو ٧٤ لیست کە ھەزارو ٥٥یان لیستی حزبین و ١٥٩یان لیستی ھاوپەیمانین و ٨٦٠ لیستی سەربەخۆش رکابەرایەتی دەکەن، کۆی گشتی کاندیدەکانیش دەگاتە زیاتر لە ٥٠ ھەزار کەس کە رێژەی ٥٢ لەسەدیان لەخوار تەمەنی ٣٥ ساڵییەوەیە.