03 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2020
ئیستانبوڵ - AA
بەمەبەستی ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بەسەر ئاوارەکانی پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا، هەریەک لە نێردهی تایبهتی ئهمریكا بۆ سووریا، جێمس جێفری و نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کێڵی نایت کرافت سەردانی پارێزگای هاتای باشووری تورکیا-یان کرد.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە شاندەکەی ئەمریکا لەمیانی سەردانەکەی بۆ پارێزگای هاتای، نووسینگەی یارمەتییەکانی لۆجستی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانی لە شارۆچكهی رێحانڵی بەسەرکردووەتەوە.
بە گوتەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەمیانی بەسەرکردنەوەکەشدا، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، مارک لۆکۆک، زانیاری سەبارەت بە کاری ناوەندەکە داوە بە جێمس جێفری و کێڵی نایت کرافت.
هاوکات نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرەیدون سینیرلیئۆغلو یاوەری شاندەکەی ئەمریکا بوو لە سەردانەکەی بۆ بۆ پارێزگای هاتای.
لای خۆیەوە نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کێڵی نایت کرافت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستە سەر گرنگی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بەسەر ئاوارەکانی ئیدلب و ئاماژەی بەوەشکرد کە گرنگە کار بکرێت بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستی هەمیشەیی لە ئیدلب.
کێڵی نایت کرافت ئاشکراشیکرد کە ئەمریکا ١٨٠ ملیۆن دۆلاری وەک یارمەتی دیکە بۆ ئاوارە سوورییەکان تەرخان کردووە و داواشی لە وڵاتانی دیکە کرد کە یارمەتی زیاتری ئاوارە سوورییەکان بدەن.
نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کێڵی نایت کرافت راشیگەیاند کە رژێمی بەشار ئەسەد بەرپرسە لە زیادبوونی قەیرانی مرۆیی لە سووریا و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە رووسیا و رژێمی بەشار ئەسەد هێرشەکانیان رابگرن.
لە کۆتاییدا کێڵی نایت کرافت سوپاسی تورکیای کرد لە هەمبەر ئەوەی رۆلێکی گرنگ لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوارە سوورییەکان دەگێرێت.
دوێنێ دووشەممە شاندێکی باڵای ئەمریکا بەمەبەستی تاوێکردنی دوا پێشهاتەکانی رەوشی پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تورکیا، گەیشتە ئەنقەرە.
تورکیا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی بەهار" دژبە هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد لە ئیدلب، ئەویش لە وەڵامی ئەو هێرشانەی کە لە ٢٧ی مانگی رابردوودا کرانە سەر هێزەکانی تورکیا و لە ئاکامدا، ٣٤ سەرباز گیانیان لەدەستدا.
دوێنێ وەزیری بەرگریی تورکیا، خوڵوسی ئاکار ئاشکرای کرد، تاكو ئێستا فڕۆكهیەکی بێفڕۆكهوان، ههشت هێلیكۆپتهر، ١٠٣ تانك، ١٩ زرێپۆش، ٧٢ تۆپهاوێز، سێ سیستهمی بهرگریی ئاسمانی، ١٥ هاوانی دژه تانك، ٥٦ ئۆتۆمبێلی گوللـهنهبڕ تێكشكێندراون و نۆ كۆگای چهك و تهقهمهنی خاپوور کراون، هەروەها دوو ههزارو ٢١٢ سهرباز و كارمهندی رژێمی بهشار ئهسهد له چالاكی خراون".