Muhammet Tarhan
03 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2021
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، تانژو بیلگیچ ئاشكرای كرد، بە توندیی ئەو راگەیەندراوە نایاسایی و بێ جێیەی بەناو ئەنجوومەنی گەلی رژێمی بەشار ئەسەد کە یەکپارچەیی خاکی تورکیای کردووەتە ئامانج، رەت دەکەنەوە.
تانژو بیلگیچ، لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە راگەیەندراوێکی بەناو ئەنجوومەنی گەلی رژێمی بەشار ئەسەد دایەوە.
لە راگەیەندراوەکەی بیلگیچدا ھاتووە: "بە توندیی ئەو راگەیەندراوە نایاسایی و بێجێیەی ئەنجوومەنی گەل کە بە ھیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی گەلی سووریا ناکات، لە شەرعییەتی دیموکراسیەوە دوورە و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان دەکاتە ئامانج، رەت دەکەینەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە دەرکردنی ئەم جۆرە راگەیەندراوانە لە رژێمێکەوە کە ساڵانێکە ستەم لە خەڵکی خۆی دەکات و بەرپرسیارە لە کوشتنی سەدان ھەزار کەسی بێتاوان و دەربەدەر کردنی ملیۆنان کەس لە خاک و ماڵیان، وێنەیەکی دیکەیە لە وێنەکانی خەیاڵ کردن.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "تورکیا هاوشێوهی رابردوو، ئەمڕۆ و لە داھاتووشدا، خاوەنی ئەو پێداگریی و بڕیارەیە كه وهڵامی پێویستی ئهو کەسانە بداتهوه کە ئاست نزمانه چاویان بڕیوەتە خاکی نیشتمانهكهی و ھەموو جۆرە ھەڕەشەیەک لە دژی بەرژەوەندییە نیشثمانییهكانی دهكهن".