Abdullah Shukur
24 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2018
نیویۆرک - AA
سیناتۆری دیموکراتەکان، جاک رید بەرگریی لەوە کرد کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەو زانیارییانەی کە سی ئای ئەی پەیوەندیدار بە کوشتنی رۆژنامەنووس، جەمال خاشقچی بەدەستگەیشتووە، درۆ دەکات.
ئەندامی پێشکەوتووی کۆمیتەی خزمەتگوزاری چەکداریی و سیناتۆری ویلایەتی رۆدێس ئایلاند، جاک رید لەبارەی کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی لێدوانی بۆ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دا.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی کەناڵی سی ئێن ئێن بەوەی کە "ئایا ترەمپ لەبارەی زانیارییەکانی سی ئای ئەی درۆ دەکات؟ رید گوتی: "بەڵێ، سی ئای ئەی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندی بە تاوانی کوشتنی خاشقچییەوە ھەبووە".
رید راشیگەیاند کە ترەمپ بیر لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ سعوودیە دەکاتەوە و گوتیشی: "پێدەچێت ترەمپ بووبێتە بارمتەی دەستی سعوودییەکان".
ترەمپ دوێنێ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان بە بۆنەی رۆژی سوپاسگوزاری لەبارەی بانگەشەکانی ئەوەی کە سی ئای ئەی گەیشتووە ئەو ئەنجامەی کە شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان فەرمانی کوشتنی خاشقچی داوە گوتبووی : "رێکخستن (سی ئای ئەی) گومانی ھەیە بەڵام نەگەیشتووەتە ئەنجامێکی تەواو".
لەلایەکی دیکەش، بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە دوای کوشتنی خاشقچی دووبارە پرسی رێککەوتنی ناوەکی ئەمریکا-سعوودیە ھێنرایە رۆژەڤەوە و پرسیاری ئەوە کرا کە ئایا دەکرێت متمانە بە سعوودییەکان بکرێت لەبارەی دروست نەکردنی بۆمب.
لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوەش کرابوو کە ماوەیەکی درێژە گفتوگۆی نێوان سعوودیە و ئەمریکا لەبارەی رێککەوتنی ناوەکی بە بەھای ٨٠ ملیار دۆلار، بەردەوامە.