Abdullah Shukur
23 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2018
نیویۆرک - AA
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە وتارێکدا رەخنەی توندی لە ھەڵوێستەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی پرسی کوشتنی رۆژنامەنووس، جەمال خاشقچی لە کۆنسولخانەی سعوودیە لە شاری ئیستانبوڵ گرت.
لە وتارەکەی واشنتۆن پۆستدا رەخنەی توند لە بۆچوونی ترەمپ لە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان گیراوە و تیایدا راگەیەنراوە کە کاتێک وڵاتەکانی وەک سعوودیە، کۆریای باکوور، چین و رووسیا سەیری واشنتۆن دەکەن ئەوا پێکەنینیان بە ترەمپ دێت.
لە وتارەکەی واشنتۆن پۆستدا ھاتووە "ھەندێک ستایشی ترەمپ بکە، بەڵێنی کڕینی کاڵای دروستکراوی ئەمریکی بدە ئەوا چاوپۆشی لە تاوانی کوشتن دەکات، کاردانەوەکەی ترەمپ لە بەرامبەر پرسی کوشتنی قاشقچی بە شێوەیەکی وەحشیگەرانەیە و وەک ئەوە وایە کە "خەڵاتی پشوودانی داوە بە گشت ئۆتۆکراسییەکانی چوارلای جیھان".
ھەر لە وتارەکەی ئەو رۆژنامە بەناوبانگەی ئەمریکادا ھاتووە "ستایشی ترەمپ بکە، وەک شا ھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکە، پارەیەکی زۆری نیشان بدە و پێی بڵێ کە دەتەوێت رۆژنامەنووسێک بکوژی کە لێیی ناڕەحەتی، رووی خۆی بۆ لایەکی دیکە وەردەگێڕێت".
ئاماژە بەوەشدراوە، سەرەڕای ئەوەی کە سی ئای ئەی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە فەرمانی کوشتنی خاشقچی لە لایەن شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان دراوە بەڵام ترەمپ رایگەیاندووە کە ئەوان پشتیوانی لە سعوودیە دەکەن.