Safvan Allahverdi,Muhammet Ali Kemal,Mohammed Baqi Hussein
11 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2019
واشنتۆن - AA
دەنگۆی ئەوە هەیە لە پرۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ کە بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پێشکەش بە کۆنگرێسی بکات، داوای تەرخانکردنی خەرجی دیواری سەر سنووری نێوان مەکسیک و وڵاتەکەی و خەرجییەکانی دیکە کە دەکاتە هەشت ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، دەکات.
لەو هەواڵانەی کە لە میدیای ئەمریکادا بڵاوکراونەتەوە و تیایاندا پشت بە ژمارەیەک سەرچاوەی نزیک لە ئیدارەی ترەمپ بەستراوە، ئاماژە بەوەکراوە کە دۆناڵد ترەمپ لە میانی ئەم هەفتەیەدا، پرۆژەیەکی نوێی بوودجە لە چوارچێوەی ئاسایشی سنوورەکاندا، پێشکەش بە کۆنگرێس دەکات.
لە هەواڵەکاندا بانگەشەی ئەوە کراوە کە لەو هەشت ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە، ترەمپ نیازی وایە پێنج ملیاری درووستکردنی دیوارەکە لە بوودجەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و سێ ملیار و ٦٠٠ ملیۆنەکەی دیکەشی کە بۆ دامەزراندنی ژمارەیەک بنکەی سەربازییە لەسەر سنوور لە بوودجەی وەزارەتی بەرگریی (پنتاگۆن) وەربگرێت.
ئەمە جگە لەوەی لە پرۆژەی بوودجەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە وەک پشتیوانی لە ئاسایشی سنوورەکان دوو هەزار و ٨٠٠ کارمەندی ئاسایش و ١٠٠ دادوەر بە مەبەستی خێراکردنی کاروباری پەنابەران دادەمەزرێندرێن.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، نانسی پیلۆسی و سەركردەی كەمینەی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی پیران، چارلس شومەر لەبارەی بانگەشەكانەوە لێدوانیان دا و رایانگەیاند، ئەو پڕۆژەی بوودجەیە گونجاو نییە.
لە دەقی لێدوانەکاندا هاتووە، "سەرۆك ترەمپ بۆ ئەو دیوارە بێ سوودەی تێچوویەكی زۆری پێویستە و دەیویست لە لایەن مەكسیكەوە پارەكەی بدرێت، حكوومەتی داخست و ملیۆنەها هاووڵاتی ئەمریكی خستە تەنگژەوە و بووە هۆی گرژییەكی زۆر. كاتێك كۆنگرێس رەتیكردەوە تێچووی دیوارەكە تەرخان بكات، دانی بە شكستەكەیدا نا و ناچاربوو سەرلەنوێ حكوومەت بكاتەوە. ئەگەر ئەمە جارێكیتر تاقی بكاتەوە، هەمان شت روودەداتەوە. ئومێدەوارین وانەیەكی وەرگرتبێت".
جێی سەرنجە ئەو ژمارەی ترەمپ دەیەوێت، شەش هێندەی ئەو بڕەیە كە كۆنگرێس لە میانی دوو ساڵدا بۆ پڕۆژەكانی سنوور تەرخانیكردووە. بوودجەی ٢٠٢٠یش پێویستە بەرلە یەكی تشرینی یەكەم لە لایەن كۆنگرێسەوە پەسەند بكرێت، بەپێچەوانەوە بابەتی داخستنی حكوومەت دێتەوە ئاراوە.