Haydar Şahin
02 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2023
تاران - AA
خوێندن لە قوتابخانەکانی پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز، قوم، خوزستان، ئەسفەهان و قەزوین بەهۆی پیسبوونی هەواوە بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت.
پارێزگای تاران لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە پێوەرەکانی پیسبوونی هەوا لە هەندێک ناوچەی پایتەخت، بۆ سەرووی ٢٠٠ پلە بەرزبووەتەوە کە ئەمەش بۆ هەموو تەمەنەکان "خراپ"ە.
بەم پێیە بە پێشنیازی وەزارەتی تەندروستیی و رەزامەندی لیژنەی دۆخی لەناکاوی پیسبوونی ههوا، ژنانی دووگیان، ئەو دایکانەی منداڵەکانیان لە خوار تەمەنی شەش ساڵ یان تەمەنی خوێندنی سەرەتاییەوە و ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکیان هەیە دەتوانن رۆژی دووشەممە بە شێوەی ئۆنلاین کار بکەن.
هاوکات رۆژی دووشەممە، خوێندن لە قوتابخانەکانیش بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە لە زۆرێک لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی ئەلبورز، قوم، خوزستان، ئەسفەهان و قەزوین-یش خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکانیشدا بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت.
بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان و بەکارهێنانی ماتۆرسکیل بەشێوەیەکی بەربڵاو کە گازی ئێگزۆزیان لێ دەردەچێت لەو هۆکارانەن کە پیسبوونی هەوای تاران-یان زیاد کردووە.
تاران لە ریزبەندی سێیەمی ئەو شارانەی جیهاندایە کە هەوایان زۆر پیسە، بەم هۆیەوە زوو زوو خوێندن لە قوتابخانەکانی ئەم شارە دەکرێتە پشوو.