Hamdi Yıldız
20 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2023
سەنعا – AA
لە ئاکامی ئەو جەنجاڵی و تێکچڕژاوییەی لە میانی دابەشکردنی هاوکاریی بە پارە لە سەنعای پایتەختی یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندایە دروست بوو، ٧٨ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ١٥٠ی دیکەیش برینداربوون.
سەرۆکی دامەزراوەی نەخۆشخانەی سەهرە لە سەنعا، دکتۆر موتەهیر مورشید بە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئەل-مەسیرەی راگەیاند لە میانی دابەشکردنی هاوکاریی بە پارە لەلایەن خاوەنکارێکی شارەکە جەنجاڵی و تێکچڕژان رووی داوە.
لە ئاکامی جەنجاڵی و تێکچڕژانەکەدا، ٧٨ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ١٥٠ی دیکەیش برینداربوون.
لای خۆیشیەوە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە سەنعا، عەبدولخالق عەسیری رایگەیاند کە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا هاوکارییەکە دابەش کراوە، بۆیە دوو لە کارمەندانی خاوەنکارەکە دەستگیر کراون.
عەبدولخالق عەسیری سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە دوای بەڕێکەوتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوچەکە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێ کردووە.