Murat Demirci,Meltem Bulur,Muhammet Ali Kemal
18 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2018
نیکۆسیا - AA
لە ئەنجامی نقومبوونی بەلەمێکی پەنابەران لە کەناراوەکانی کۆماری قوبرسی باکوور، ١٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠٣ کەس رزگارکران، هەروەها ٢٥ کەسی دیکەش بێ سەروشوێن بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئاسایشی کەناراوەکانی قوبرسی باکوورەوە دەستکەوتوون، بەلەمێک کە نزیکەی ١٥٠ پەنابەری هەڵگرتبوو، لە کەناراوەکانی ئەرەنکۆی ژێر ئاو کەوتووە. هێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ١٠٣ لە پەنابەرەکان رزگاربکەن و ١٩ی دیکەشیان گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژە بەوەشدەکرێت کارەکانی گەڕان بەدوای ئەو سەرنشینانەی دیکەی بەلەمەکەدا کە مەزەندە دەکرێت ٢٥ کەس بن، درێژەی هەیە.
بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیەی هێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی قوبرسی باکوور کاری گەڕانی تێدا ئەنجامدەدەن دەکەوێتە ناوچەی گەڕانی هێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاوە، کارمەندانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاش بەشداریی لە پرۆسەکەدا دەکەن.
ئەو پەنابەرانەی لە دوای نقومبوونی بەلەمەکە رزگارکراون، رادەستی تورکیا کرانەوە.