London, City of
لەندەن - AA
لە بەريتانيا لە ماوەى ٢٤ كاتژمێرى رابردوودا بە گيانلەدەستدانی هەزار و ٦١٠ تووشبووى كۆرۆنا، لەسەرەتاى سەرهەڵدانى پەتاكەوە زۆرترين ژمارەى گيانلەدەستدانى رۆژانە تۆماركرا.
بە گوێرەى ئامارەكانى وەزارەتى تەندروستيى بەريتانيا، لە ماوەى ٢٤ كاتژمێرى رابردوودا ٣٣هەزار و ٣٥٥ حاڵەتى نوێى تووشبوون بە کۆرۆنا تۆماركراوە و كۆى گشتيى حاڵەتەكانى تووشبوون بەرزبوويەوە بۆ سێ مليۆن و ٤٦٦ هەزار و ٨٤٩ تووشبوو.
هاوكات ژمارەى حاڵەتەكانى گيانلەدەستدان، بههۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە لە ٢٤ كاتژمێرى رابردوودا هەزار و ٦١٠ حاڵەت زياديكردووە و گەيشتووەتە ٩١ هەزار و ٤٧٠ حاڵەت. ئەم ژمارەيە لە ٨ى كانوونى دووەمەوە كە هەزار و ٣٢٥ كەس گيانيان لەدەستدابوو بەرزترين ژمارەى گيانلەدەستدانى رۆژانەيە.
لە ٢٤ کاتژمێردا، ٥٥٦ هەزار و ٦٨٩ پشكنينى كۆرۆنا ئەنجامدراوە، كۆى گشتى پشكنينە ئەنجامدراوەكان بە دووبارەكراوەكانەوە گەيشتە ٦٢ مليۆن و ٣٥٧ هەزار و ٨٠٥ پشكنين.
هەر بە پێى ئامارەكان، چارەسەرى پزيشكيى٣٧ هەزار و ٩٤٦ تووشبوو لە نەخۆشەخانەكان بەردەوامە كە سێ هەزار و ٩١٦ نەخۆشيان لە ژێر چاودێرى چڕدان.
هاوكات ژمارەى ئەو كەسانەى كە دۆزى يەكەمى ڤاكسينى ڤايرۆسى كۆرۆنايان وەرگرتووە گەيشتە چوار مليۆن و ٢٦٦ هەزار و ٥٧٧ كەس.
لە دواى سەرهەڵدانى ئەو جۆرەى ڤايرۆسى كۆرۆنا كە زۆر بە خێرايى بڵاودەبێتەوە، هەڵكشان لە ژمارەكانى تووشبوون و گيانلەدەستدان بە شێوەيەكى بەرچاو زياديكردووە.