جيهان, عێراق

بە ئامادەبوونی پاپا فرەنسیس رێوڕەسمێکی ئایینیی لە کڵێسیای مار یوسف لە بەغدا بەڕێوەچوو

پاپا فرەنسیس لە رێوڕەسمەکەدا کە ژمارەیەک لە کرستیانەکانیش ئامادەی بوون، گوتارێکی پێشکەش کرد.

Sarmand Hameed  | 06.03.2021 - نوێکردنەوە : 07.03.2021
بە ئامادەبوونی پاپا فرەنسیس رێوڕەسمێکی ئایینیی لە کڵێسیای مار یوسف لە بەغدا بەڕێوەچوو

Arbil

هەولێر - AA

بە ئامادەبوونی سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، عەممار حەکیم و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای حکوومەت و بەرپرسانی پارتە سیاسییەکانی عێراق، لە کڵێسیای مار یوسف لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق، پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس رێوڕەسمێکی ئایینی بەڕێوەبرد.

پاپا فرەنسیس لە رێوڕەسمەکەدا کە ژمارەیەک لە کرستیانەکانیش ئامادەی بوون، گوتارێکی پێشکەش کرد.

پاپای کڵێسای کاسۆلیکی گوتارەکەی بە نزا کردن دەستپێکرد و گوتی: "نزا دەکەین لە خودا گەلی عێراق و گەلانی ناوچەکە بپارێزێت و ئاشتی باڵی بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت".

پاپا فرەنسیس بە ستایشەوە باسی لە پێکەوەژیانی ئایینی لە ناوچەکەدا کرد و گوتی "ئەم ناوچەیە فرە ئایین و فرە پێکهاتەیە و دەبێت رێز لە ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان بگیرێت".

پاپای کڵێسای کاسۆلیکی گوتیشی "هەموو توندوتیژییەک رەتدەکەینەوە".

پاپا فرەنسیس رووی قسەکانی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و گوتی: "نائومێد مەبن و دڵخۆشبن".

گوتیشی "باوەڕتان بەهێزبێت و ئایندەی باش چاوەڕێتانە".

لەبارەی حوکمڕانییەوە گوتی" دەسەڵاتدارییەتی بە بەزەییانە دەبێت نەوەک بەهێز، و بەکارهێنانی هێز دروست نییە و جیهان بە زەبری هێز ناگۆڕدرێت".

گوتشی "ئافەرین بۆ ئەوانەی باش و بە بەزەیین".

جێی ئاماژەیە، پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازیی لێکرا.

دواتر لە کۆشکی سەرۆکایەتی، لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح کۆبووەوە و پاشان بەشداریی لە رێوڕەسمێکدا کرد کە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان و ژمارەیەک لە باڵیۆز و نێردەی دیپلۆماتی وڵات و پیاوانی ئایینی کرستیان بەڕێوەچوو.
ئێوارەی هەمان رۆژ لە کڵێسای سەیدە نەجات لە بەغدا بەشداریی لە رێوڕەسمێکی ئایینی کرستیانەکان کرد.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، پاپا فرەنسیس لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق لە شاری نەجەف لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی کۆبووەوە.


پاپای کڵێسای کاسۆلیکی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی سەردانی شاری مێژوویی ئوری کرد کە بەپێی ژمارەیەک سەرچاوەی مێژوویی شوێنی لەدایکبوونی حەزرەتی ئیبراھیم خەلیل-ە.

پاپا فرەنسیس لە شاری مێژوویی ئوری دیداری لەکەڵ نوێنەرانی ئایینەکان ئەنجامدا.

بڕیارە سبەی یەکشەممە، پاپا فرەنسیس لە سێیەم رۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق سەردانی هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

دواتر بەرە شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا بەڕێدەکەوێت و لە ناوەندی حەوشەی بەیعە (حەوشەی کڵێسا) لە مووسڵ نوێژ بۆ قوربانیانی تیرۆر ئەنجام دەدات.

پاشان بەرەو قەزای قەرەقۆش بەرێدەکەوێت و لە کڵێسای تاھیرە گوتارێک پێشکەش دەکات و دواتر دەگەرێتەوە شاری ھەولێر.

ئێوارەی ھەمان رۆژ، پاپا فرەنسیس لە یاریگای نێودەوڵەتیی فرەنسۆ ھەریری بە بەشداریی نزیکەی ١٠ ھەزار کرستیان بەشداریی لە رێوڕەسمێکی ئایینی دەکات و دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکان، بەرەو بەغدا بەڕێدەکەوێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın