Hemin Hüseyin
08 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2017
هەولێر-AA
تارمایی ترس و دڵەڕاوکێ هێشتا لەسەر سیمای ئەو خەڵکە ماوە کە پێشووتر لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون و ئێستاش ناوچەکانیان لە لایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و ئەم ترس و دڵەڕاوکێیەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە بە رۆژ بخەون و بە شەویش تا بەیانی ئێشکبگرن بۆ ئەوەی کارەساتی کوشتن و وێرانکردنی ماڵەکانیان لە لایەن تیرۆریستانی داعش دووبارە نەبێتەوە.
گوندی حاجی عەلی، کەمتر لە یەک ساڵ دەبێت لە لایەن هێزە عێراقییەکان کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکیش بوو لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا بوو، بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو گوندە ئاوارەی کەمپەکانی دیبەگە ببوون، ئەو گوندە تەواو وێرانکاری پێوە دیاربوو بە هۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش لەم گوندەدا بەرگرییەکی زۆریان کرد و دوای چەند رۆژێک لە شەڕو پێکدادان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان گوندەکەیان لەدەستدا.
لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی ئەو گوندە بە رۆژ دەخەون و بەشەو ئێشکدەگرن چونکە لە بەشی رۆژئاوای گوندەکە بە دووری ٦٠ کیلۆمەتر قەزای حەویجە هەیە و ئەو قەزایە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدایە و زێی بچووک دەکەوێتە نێوانیانەوە و خەڵکی ئەو گوندەش ئاماژە بەوە دەکەن کە چەند جارێک خۆکوژانی داعش بە رێگای ئاوییدا توانیوویانە خۆیان بگەیەننە نزیک گوندەکەی ئەوان و خۆیان تەقاندووەتەوە.
نەزهەت ساڵح دەروێش، ئەو ئافرەتە تەمەن ٦٥ ساڵییەی کە رۆژانە لەدوای نیوەڕۆ دەخەوێت و پیاوەکەی ئێشکدەگرێت و بە شەوانەش پیاوەکەی دەخەوێت و ئەم ئێشکدەگرێت بە هۆی ئەوەی ماڵەکەیان کەوتووەتە رۆژئاوای گوندەکە و راستەوخۆ دەڕوانێتە سەر زێی بچووک، بۆیە ئەو ئافرەتە شەوانە تا بەری بەیان ئێشکدەگرێت و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە هێزێکی حەشدی عەشایەری لە گوندەکەیان دروست بکات بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە بپارێزن.
نەزهەت ساڵح دەروێش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی گوندەکەمان لە لایەن تیرۆریستانی داعش پەلاماردرا و دواتر لە لایەن هێزە عێراقییەکان کۆنتڕۆڵکرایەوە و ئەم کارەساتە ترسێکی لە لای هەموومان دروست کردووە و بەم هۆیەوەشەوە ئێمە نزیکەی ٤٠ ئافرەتین لەو گوندە بە شەو پیاوەکانمان دەخەون و ئێمەش ئێشکدەگرین و هەمووشمان چەکدارین بەڵام جۆری چەکەکانمان باش نییە و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین کە حەشدێکی عەشایەرمان بۆ دروست بکات و پڕچەکمان بکات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناوچەکەی خۆمان بکەین".
نەزهەت ساڵح دەروێش گوتیشی: "لە لای رۆژهەڵاتی گوندەکەمان چەند خاڵێکی سەربازی هەیە بەڵام لە لای رۆژئاوای گوندەکەمان هیچ خاڵێکی سەربازی لێ نییە و ئەمەش وایکردووە کە چەند جارێک خۆکوژەکانی داعش لە رێگای زێی بچووکەوە خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی نزیک ئێمە و ئەمەش هەمیشە مەترسی لەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیە دروست کردووە".
نەزهەت ساڵح دەروێش، بڕنۆیەکی کۆنی لەدەستە و رختەکەی نزیکەی بیست فیشەکی تێدایە و وەک خۆی دەڵێت ئافرەتەکانی دیکەش چەکەکانییان باش نییە و فیشەکیشیان کەمە و لەماوەی رابردووشدا چەند جارێک هەستیان بە جموجۆڵی تیرۆریستان کردووە و تەقەیان لێیان کردوون، بەم هۆیەوەشەوە سەربازەکانی عێراقی هۆشیاربوونەتەوە و لێیان هاتوونەتە دەنگ.
گوندی حاجی عەلی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارەدێی گەیارە و بە دووری ٦٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری قەزای حەویجە کە ئێستا ئەو قەزایە لە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعشدایە و ئەگەرچی قەزای حەویجە لە باکوور و رۆژھەڵاتەوە لە لایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە گەمارۆ دراوە و، لە باشوور و رۆژئاواشەوە لە لایەن سوپای عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی گەمارۆدراوە بەڵام وەک خەڵکی گوندی حاجی عەلی ئاماژەی پێ دەکەن، جارجار خۆکوژەکانییان خۆیان دەگەیەننە نزیک گوندەکەیان.
قەزای حەویجە دانیشتووانەکەی نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کەس دەبێت، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆری ئاوارە بووە و، ھۆزە عەرەبەکانیش ھێزێکیان پێکھێناوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی قەزاکە. جگە لەوەش، ھێزەکانی پێشمەرگە، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەیانەوێت بەشداریی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە بکەن و تا ئێستاش رێککەوتنێک لەوبارەیەوە نەکراو.