Nazlı Yüzbaşıoğlu
09 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2018
ئەنقەرە – AA
بڕیارەکەى سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەربارەى رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک کاردانەوەی جۆراوجۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
دوای راگەیاندنی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە، یەکەم کاردانەوە لە لایەن ئێرانەوە هات.
سەرکۆمارى ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند کە وڵاتەکەی پابەند دەبێت بەو رێککەوتنەى کە لە ساڵی ٢٠١٥دا، واژووکراوە.
حەسەن روحانی دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەى هیچ هەڵەیەکی لە رێککەوتنەکەدا نەکردووە و کشانەوەى ئەمریکا لە رێککەوتنەکە قبووڵ ناکرێت.
وڵاتانی ئەورووپا کاردانەوەى توندیان هەبوو بەرامبەر بە بڕیارەکەی ترەمپ.
سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، دۆناڵد توسک راستەوخۆ دوای راگەیاندنی بڕیارەکە لە لایەن ترەمپ-ەوە بۆچوونی خۆی راگەیاند.
دۆناڵد توسک لە رێگەى سۆشیاڵ میدیاوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا بە جددی کاردەکات دژی بڕیارەکەى ترەمپ دەربارەی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک و رێککەوتنە بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران".
دۆناڵد توسک ئاماژەى بەوەدا کە بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا لە ١٧ى ئایار لە سۆفیای پایتەختی بولگاریا کۆدەبنەوە و رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک و بازرگانی لەگەڵ ئێران بابەتی سەرەکی ئەم کۆبوونەوانە دەبن.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی لە میانی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی کۆمیسۆنی ئەورووپا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا رایگەیاند کە ئەوان نیگەرانن لە بڕیاری کشانەوەى ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران.
فێدێریکا مۆگێرینی لە پەیامێکیدا بۆ ئێران رایگەیاندووە "پابەند بن بە رێککەوتنەکە، ئێمەش پابەند دەبین بە رێککەوتنەکە. هەموومان وەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵدەدەین بۆ پاراستنی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک".
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن لە تویتەردا پەیامێکی بڵاوکردەوە رایگەیاندووە "نیگەرانین بە کشانەوەى ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک. بەریتانیا پابەندە بە برەودان بە کاری هاوبەش. بەریتانیا لەگەڵ ئەڵمانیا و فەڕەنسا بۆ پاراستنی رێککەوتنەکە کار دەکات".
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند کە سەرۆکوەزیران، تێرێزا مەى و راوێژکارى ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکڕۆن لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنییدا دەربارەى بڕیاری کشانەوەى ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک و پابەندبوونی بەرپرسانی ئەورووپا بە رێککەوتنامەکە قسەدەکەن.
سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکڕۆن لە رێگەى سۆشیاڵ میدیاوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا دەربارەى کشانەوەى ئەمریکا لە رێککەوتنەکە نیگەرانن. سیستەمی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى چەکی ئەتۆمی لە ژێر مەترسیدایە".