Şerife Çetin
09 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2024
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێمەکەی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەهۆی ڕەت کردنەوەی پرۆسەی سیاسیی و، متمانەبوونی بە پشتیوانی ئێران و ڕووسیا، ئەمڕۆ بووە هۆی ڕووخانی خۆی.
بلینکن ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا بڵاوکردەوە.
ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ١٤ ساڵ ناکۆکی گەلی سووریا هۆکاریان بۆ ئومێدەواربوون بۆ ڕەخسا، ئەمریکا پشتیوانی لە پرۆسەی ڕاگوزەری ئاشتیی گشتگیر دەکات کە لەلایەن سوورییەکانەوە بەڕێوەدەچێت.
گوتیشی: "ڕژێمەکەی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەهۆی ڕەت کردنەوەی پرۆسەی سیاسیی جێ متمانە و، متمانەبوونی بە پشتیوانی نامرۆڤانەی ئێران و ڕووسیا، بووە هۆی ڕووخانی خۆی".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بلینکن، ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی سووریا لە قۆناغی ڕاگوزەردا مافی ئەوەی هەیە داوای پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دامەزراندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و پاراستنی کۆمەڵگا ناسکەکەی بکات، ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە پەیوەندیدایە و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات.
هەروەها بلینکن باسی لەوە کرد کە پشتیوانی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ لێپرسینەوە لە ڕژێمی ئەسەد و پشتیوانانیان لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە.