Hawkar Yaseen
13 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کرد لە رێكخەری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە كۆشكی سپی، برێت مەکگۆرگ.
لە دیدارێکدا کە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و كۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا دەربارەی گۆڕانی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش، گفتوگۆی ستراتیجیی عێراق-ئەمریكا و دەرفەتەكانی برەودان بە پەیوەندییەكانی هەردوولا.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە "لە میانی كۆبوونەوەکەدا، برێت مەكگۆرگ دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا لە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی یەكجاریی داعش و دەتوانن پشتی پێ ببەستن".
ئاماژەی بەوەیش داوە کە نێچیرڤان بارزانی كاتی سەردانی مەکگۆرگ-ی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان بە گرنگ لە قەڵەم داوە و دووپاتی كردووەتەوە كە "لە سەروبەندی گۆڕانی ئەركی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، دووپاتكردنەوەی بەردەوامیی پابەندیی ئەمەریكا بە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە، پەیامێكی گرنگە".
هەروەها ئەوەی خستووەتەڕوو "لە كۆبوونەوەكەدا، هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی و پێشبینی بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق، گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە عیراقییەكان، هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكوومەتی نوێی فیدراڵ، دۆخی ئەمنی و سەربازیی و ئابووریی وڵات، هێرش و پەلامارەكانی داعش، هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپا، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، گفتوگۆی ستراتیجیی عیراق-ئەمەریكا و دەرفەتەكانی برەودان بە پەیوەندییەكانی هەردوولا تاوتوێ كراون".
راشیگەیاندووە "هەردوولا هاوڕابوون كە داعش مەترسییەكی راستەقینەیە و بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی هێشتا عێراق پێویستی بە بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاریكاری و هەماهەنگیی هێز و لایەنە عیراقییەكانیان بە پێویست زانی بۆ ئەوەی بتوانن حكوومەتێكی كۆكەرەوە لە وڵات پێك بهێنن كە وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی هاووڵاتییانی عێرااق بێت و ئارامی و سەقامگیریی بپارێزێت".
ئاماژەی بەوەیش داوە "دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، دوایین پێشهاتەكانی سووریا و پرسی كورد لەو وڵاتە و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە".