Hemın Othman Mohammed
04 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2016
حكوومه‌تی ئه‌مریكا، ئه‌و بانگه‌شانه‌ی به‌درۆخسته‌وه كه باس له‌وه ده‌كه‌ن له‌سه‌رتای ئه‌مساڵدا بڕی 400 ملیۆن دۆلاری دابێته ئێران بۆ ئازاد كردنی چوار هاووڵاتی ئه‌مریكی كه له‌و وڵاته ده‌ستبه‌سه‌ر بوون.
گوته‌بێژی كۆشكی سپی جۆش ئێرنست، له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی رۆژانه‌یدا، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی دایه‌وه سه‌باره‌ت به‌و بانگه‌شانه‌ی کە باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌مریكا له مانگی كانوونی دووه‌می رابردوودا بۆ ئازادكردنی چوار هاووڵاتی وڵاته‌كه‌ی كه جاسۆن رێزایی په‌یامنێری واشنتۆن پۆستیان له‌نێودابووه، 400 ملیۆن دۆلاری وه‌ك فیدیه دابێته ئێران.
ئێرنست جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه ئه‌مریكا سیاسه‌تی پێدانی فیدیه‌ی نییه بۆ ئازادكردنی بارمته و گوتی: "نه‌خێر ئه‌و پاره‌یه فیدیه نه‌بووه".
سه‌باره‌ت به سه‌رهه‌ڵدانی بانگه‌شه‌كان، ئێرنست ئاماژه‌ی به ئه‌ندامانی پارتی كۆماری له كۆنگرێس و موحافزكارانی ئێران كرد كه نه‌یاری رێككه‌وتنه‌كه‌ن و گوتی: "به‌تایبه‌تی كۆمارییه‌كانی ناو كۆنگرێس هه‌وڵ و ته‌قه‌لا ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت بده‌ن به دژایه‌تیان به‌رامبه‌ر رێككه‌وتنه‌كه، به‌و بیانووه رێگری ده‌كه‌ن له به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه".
ئێرنست ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه كه ئێران له ساڵی 1979دا بڕی 400 ملیۆن دۆلاری داوه بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی جه‌نگی له ئه‌مریكا بكڕێت، به‌ڵام به‌هۆی شۆڕشی ئه‌و وڵاته‌وه نه‌توانراوه فڕۆكه‌كان راده‌ست بكرێن.
گوته‌بێژی كۆشكی سپی، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه له مانگی كانوونی دووه‌می رابردوودا رایانگه‌یاندووه كه به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تی له لاهای، 400 ملیۆن دۆلاره‌كه و سووەكهشی كه بڕی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاره ده‌درێت.
ئێرنست باسی له‌وه‌یش كرد كه دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگا، بڕی 400 ملیۆن دۆلاره‌كه‌ی ئێران كه هی خۆیه‌تی دراوه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كی له‌باره‌ی كاتی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه نه‌خسته‌ڕوو.
هاوكات ئێرنست باسی له‌وه كرد كه ئه‌و بانگه‌شانه‌ی باس له پێدانی فیدیه ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه به ئێران بۆ ئازاد كردنی هاووڵاتییه ده‌ستبه‌سه‌ركراوه ئه‌مریكییه‌كان درۆن و گوتی: "له حكوومه‌تی سه‌رۆك باراك ئۆبامادا، ئه‌مریكا هیچ فیدییهكی نه‌داوه بۆ ئازاد كردنی ئه‌و ئه‌مریكییانه‌ی له ئێران به ناحه‌ق ده‌ستبه‌سه‌ركراون".
دوای جێبه‌جی كردنی مه‌رجه‌كانی ناو رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه، ئه‌مریكا و ئێران له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانی یه‌كتریان ئازاد كرد.
له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئێران ئازادی كردن په‌یامنێری واشنتۆن پۆست له تاران جاسۆن ره‌زایی، سه‌ربازی ئه‌مریكی ئه‌میر حیكمه‌تی، راهیب سه‌عید عابدینی و نوسره‌توڵڵا خوسره‌وی هه‌بوون.
له به‌رامبه‌ردا ئه‌مریكا له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا، حه‌وت هاووڵاتی ئێرانی ئازاد كرد.
رۆژنامه‌ی Wall Street Journal، دوێنێ له هه‌واڵێكیدا كه به پشتبه‌ستن به چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی كه ناوی نه‌هێناون، ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو كه‌وا ئه‌مریكا بۆ ئازاد كردنی چوار هاووڵاتی وڵاته‌كه‌ی بڕی 400 ملیۆن دۆلاری داوه‌ته ئێران.