جيهان, ژيان, عێراق

"باران بارینی زۆری ئەمساڵ زیانی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵ داوە"

ـ جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی، رزگار محەمەد خدر: "نزیکەی ٦٠ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ژێرئاو کەوتوون، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر رشت و جۆرێتی دانەوێڵە لە ھەرێمی کوردستان".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 19.05.2019 - نوێکردنەوە : 20.05.2019
"باران بارینی زۆری ئەمساڵ زیانی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵ داوە"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

باران بارینی زۆری ئەمساڵ لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان کاریگەری گەورەی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ بەجێھێشتووە و رێژەیەکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان کە بە دانەوێڵە داچێندراون ژێرئاو کەوتوون.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی، رزگار محەمەد خدر رایگەیاند "جیاواز لە سی ساڵی رابردوو ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ھەزار و ٣٠٠ ملم باران باریوە و لە چەندین ناوچەی تر گەیشتووە زیاتر لە ھەزار و ٧٠٠ ملم، کاریگەری ئەو باران بارینە زۆرەش لایەنی ئیجابی و سلبی ھەبووە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، بەجۆرێک لایەنی سلبی ھەبووە لەسەر کەرتی دانەوێڵە بەتایبەتی و قۆناغی پێگەیشتنی دواخستووە و زیانی زۆر بەر بەشێکی ئەو زەوییانە کەوتووە کە گەنم و جۆیان تیادا کرابوو ، ئەو زەوییانەش بەشێکیان ژێرئاو کەوتون و بەشەکەی تریش رووبەڕووی نەخۆشی و زیان بوونەتەوە".

رزگار محەمەد خدر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جگە لە زیانەکانی سەر دانەوێڵە لە سەوزە و میوەش پێگەیشتنی بەشێکی بەرھەمەکانمان دوا کەوتووە و بە ھۆی باران بارینی زۆر و رەشەباوە زیانیان پێگەیشتووە و بەشێکی زۆری بەرەکانیان وەریون".

ئەو ھەروەھا گوتی: "نزیکەی ٦٠ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ژێرئاو کەوتون و بە زەوییە ژێرئاوەکان ناسراون، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر رشت و جۆرێتی دانەوێڵە لە ھەرێمی کوردستان".

بەرپرسەکەی کشتوکاڵی سلێمانی لە ھەمانکاتدا ئاماژەی بەوەش کرد، باران بارینی زۆری ئەمساڵ لایەنی ئیجابیشی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ ھەبووە و لە قەیرانی وشکە ساڵی و کەمبوونەوەی مەترسی کەمکردنەوەی ئاوی رووبارەکان رزگاریان بووە، ھەروەھا ئەمساڵ دەشت و کێوەکان لەوەڕگایەکی زۆریان ھەیە و دەتوانن سوودی گەورەیان لێوەر بگرن بۆ ئاژەڵداری.

وریا عەلی جووتیارێکی دەشتی شارەزوورە و بەشی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکەی بووە بەژێرئاوی دەریاچەی دەربەندیخانەوە، ئەو کە لە نزیک زەوییەکەی وەستابوو ئاماژەی کرد بەوەی بەشی زۆری ئەو زەوییانەی دەشتی شارەزوور کە نزیکن لە ئاوی دەریاچەکەوە ئەمساڵ بە ھۆی زۆری باران بارین و ھەستانی ئاوی دەریاچەکەوە ژێر ئاوکەوتوون و زیانی گەورەیان بە جووتیاران گەیاندووە، بەجۆرێک تەنھا وریا خۆی ٥٠ دۆنم زەوی کە بە دانەوێڵە چاندبووی ژێرئاو کەوتووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın