Ihvan Radoykov
04 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2022
سۆفیا – AA
ئەو ٧٠ دیپلۆماتکارە رووسیەى کە لە باڵیۆزخانەى رووسیا لە سۆفیا ئەرکیان بەجێ دەگەیاند و لەلایەن سەرۆکوەزیرانى دەستلەکارکێشاوەى بولگاریا، کیریل پێتکۆڤ-وە وەکو "کەسى نەخوازراو" راگەیاندرابوون لەگەڵ خانەوادەکانیان لە رێگەى دوو فڕۆکەوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتن.
بەپێى زانیارییەکان ٧٠ دیپلۆماتکارەکە و خانەوادەکانیان سوارى ئەو دوو فڕۆکەیە بوون کە لە رووسیاوە بە تایبەتى نێردرابوون.
هاوکات سەرۆکوەزیران، کیریل پێتکۆڤ بانگەشەى ئەوەى کرد کە ئەو دیپلۆماتکارە رووسییانەى لە وڵاتەکەدا کاریان دەکرد سەرقاڵى سیخورى بوون.
باڵیۆزى رووسیا لە سۆفیا، ئێلۆنۆرا میترفانۆڤا رەخنەى لە هەڵوێستى بولگاریا گرت و ئاماژەى بەوە کرد کە گەیشتوونەتە خاڵى بچڕانى پەیوەندیى دیپلۆماسى لە نێوان هەردوو وڵات و گوتى: "حکوومەتى رووسیا، لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستە، ئەگەر بتوانێت وەڵامێکى نا هاوسەنگ دەداتەوە. بەداخەوە حکوومەتى بولگاریا، هەوڵ دەدات گەلى بولگاریا پەلکێشى جەنگ بکات بەڵام ئەم هەوڵەى سەرکەوتوو نابێت".
- "دەبێت دەستبەجێ میترفانۆڤا بگۆڕدرێت"
لە بەرامبەردا وەزیرى بەرگریى بولگاریا، دراگۆمیر زاکۆڤ لە بڵاوکراوەیەکیدا گوتى: " میترفانۆڤا کە بێرێزى بەرامبەر بولگاریا کردووە دەبێت دەستبەجێ بگۆڕدرێت".
زاکۆڤ، هەڵسوکەوتەکانى باڵیۆز میترفانۆڤا-ى بە "قبوڵ نەکراو" ناوبرد و گوتى: "شێوازى بەڕێوەبردنى دیپلۆماسى وا نابێت. دڵنیام لەوەى کە دەزگاى دیپلۆماسیى رووسیا کەسانى شارەزاى تێدا هەیە کە دەتوانێت بە سەرکەوتوانە نوێنەرایەتى وڵاتەکەیان بکات. هەر دیپلۆماتکارێک سیاسەتى وڵاتەکەى هەرچییەک بێت دەبێت بە رێزەوە هەڵسوکەوت لەو وڵاتە بکات کە قبوڵى کردووە. پێشتریش چەندین رووداو روویداوە کە هۆکار بووە بۆ ئەوەى میترفانۆڤا وەکو کەسى نەخوازراو رابگەیەندرێت".