Muhammet Ali Kemal
15 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2015
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو بەر لەسەردانەکەی بۆ بولگاریا لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و روونکردنەوەی سەبارەت بە وردەکارییەکانی سەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە دا و ئاماژەی بەوە کرد لەگەڵ بولگاریا راوێژی گشتگیر سەبارەت بە هەریەک لە بابەتەکانی پەیوەندیی دووقۆڵی، یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ دەکەین.
- پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق
داودئۆغڵو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ دایەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا بەوەی 'لە ماوەی یەک هەفتەدا دوو جار لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن بە تەلەفۆن قسەتان کردووە، دەتوانن وردەکارییەکانی گفتوگۆکانتان بخەنەڕوو؟' ئاماژەی بەوە کرد بایدن هەر لە کۆنەوە و پێش ئەوەش کە ببێتە جێگری سەرۆک کەسێک بوو کە بایەخی زۆری بەعێراق داوە و لە نزیکەوە چاودێری بەرەوپێشچوونەکانی کردووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا باسی لەوە کرد لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بایدن باسیان لە دوایین دۆخی عێراق کردووە و رایگەیاند ئەوان وەک تورکیا سیاسەتیان بەرامبەر بە عێراق هەتا بڵێیت روون و بنەماییە و لە هەموو کەسێک زیاتر بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن.
داودئۆغڵو دواتر گوتی: "لەوانەیە تورکیا لە ژمارەیەک پارتی سیاسی عێراقی زیاتر بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بکات. بەتایبەت لە ماوەی ١٣ ساڵی رابردوودا لە دوای جەنگی عێراقەوە دەستمان بەو جەختکردنەوەیە کردووە. هیچ کەسێک ناتوانێت گومانی لە نیازپاکی تورکیا هەبێت. بەهەمان شێوە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەلایەن تورکیاوە هەڵوێستێکی بنەماییە کە مشتومڕ هەڵناگرێت. ئەمە لە ئێستادا تەنها بەرەنگاربوونەوەی داعش نییە، پێشتر لە بەرامبەر ئەلقاعیدە و لە بەرامبەر پەکەکەدا ئەو بەرەنگارییەمان ئەنجام داوە بێ ئەوەی رەگەز و ئایین لەبەرچاو بگرین. هەر لەبەر ئەوەش بوونی سەربازیی ئێمە لە بەعشیقە هەڕەشە نییە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق، بەو شێوەیەش نوێنەرایەتی یەکێک لە بوونە هەرە بەهێزەکان دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. ئەم بابەتانەمان لە رێگەی ئەو نامەیەوە کە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێز عەبادی و لە رێگەی نوێنەرە تایبەتەکانیشمانەوە روون کردووەتەوە. بەداخەوە ئەوانەی هەتا ئێستا لەم بارەیەوە گومان دەکەن، ئەوانەی لێدوان بە ئاراستەی راستەوخۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق دەدەن، هەوڵەکانیان لەوبارەیەوەیە، ئەکتەری دەرەکیشیان تێدایە".
داودئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە ئەوان وەک تورکیا بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان تێک نەچێت و بە ئاراستەیەکی باشدا بڕوات ئاگەداری لێدوانەکانیان و لە بواری کرداریشدا ئەو رێگەیانەیان گرتووەتەبەر کە زۆرترین رێز نیشان دەدات.
- ''ئەگەر تورکیا ناچار بێت، ئەوە رێ وشوێن دەگرێتە بەر''
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لەو بارەیەوە و لەگفتوگۆکانیاندا لەگەڵ عێراق، کەناڵەکانی پەیوەندی بەکراوەیی دەمێنێتەوە و رایگەیاند: "ئەگەر پێویست بکات هیوادارم لە یەکەم دەرفەتدا لەگەڵ عەبادی کۆببمەوە. ئێمە هەفتەی رابردوو لە روونکردنەوەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسمان لە چەمکی 'دووبارە رێکخستنەوەی سەربازەکان' کردبوو. ئەگەر لەو ناوچەیە دۆخێکی داینامیکی (گۆڕاو) هەبێت و هەموو کاتێک باری ئاسایش لەو ناوچەیە مایەی گۆڕان بێت، ئەوە پێویستە ئەو رێوشوێنانەی لەو بارەیەوە دەگیرێنەبەر ئەوانیش داینامیکی بن. لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە چڕوپڕە هەواڵگرییەی کە لە بەعشیقەوە لەلایەن راهێنەرانی سەربازی و لە سەربازەکانمان لەو ناوچەیە کە سەرگەرمی راهێنانی سەربازانی ئەوێن، بەدەستمان گەیشت، هێزێکمان رەوانەی ئەو شوێنە کرد. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە دۆخی ئەوێ لە ژێر کۆنترۆڵماندا بێت. لە ئێستادا ئەمە، چالاکییەکی دووبارە رێکخستنەوەیە لە چوارچێوەی پێویستی سەربازیدا کە دوێنێ بووە جێگەی باس. تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی لە دژی تیرۆر بەپێداگرییەوە بەردەوام دەبێت بەڵام کاتێک پێویستی سەربازی دەبێتە جێگەی باس، ئەوە رێکخستنەوەی پێویست ئەنجام دەدرێت. بەڕێز بایدنیش لە رێگەی باڵیۆز و نوێنەرایەتییەکانیانەوە و چاودێری رووداوەکان دەکەن. ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی عێراق بەپێچەوانەی ئەو لایەنانەی کە هانی خراپەی رووداوەکانی ئەمڕۆ دەدەن، تورکیا راستگۆترین وڵاتە لەوبارەیەوە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کۆتاییدا گوتی: "خۆزگە رۆژێک حکوومەتی بەغدا لە مووسڵ و تەنانەت لەسەر سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق، دەسەڵاتی تەواوەتی هەبێت و ئەو چەکدارانەی پەکەکە و داعش لەو ناوچانە پاک بکاتەوە، ئەوکاتە پێویست بەوە ناکات تورکیا مەترسی بخاتەسەر سەربازەکانی و بۆ عێراق یان هەر وڵاتێکی دیکەی بنێرێت. هەتا ئەو رۆژەش ئەگەر بێت و پێویست بکات تورکیا سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی خۆی رێوشوێن بگرێتەبەر، ئەوە دەیکات. پێویستە هیچ کەسێکیش لەمە دڵی نەیەشێت و لێکدانەوەی نەرێنی بۆ نەکات. لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ هەریەک لە ئەمریکا، عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەماهەنگی نزیکمان هەیە. لەوانەیە لە چوارچێوەی ئەم هەماهەنگییەدا کۆبوونەوە ساز بکرێت و ژمارەیەک کار ئەنجام بدرێت".