Hakan Çopur
28 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2021
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس دەربارەی پرسی داننان بە حکوومەتی تاڵیبان-دا رایگەیاند "ئێمە تەماشای رەفتاریان دەکەین نەک گوفتاریان".
پرایس، لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە وەزارەتی دەرەوە رێکیخست، باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی ئەفغانستان کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە کۆبوونەوەکانیان دەربارەی کاری دیپلۆماسی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە دوای ٣١ی ئاب بەردەوامە و دەیانەوێت درێژە بە مانەوەی دیپلۆماسییانەی خۆیان لەو وڵاتە بدەن.
دەربارەی ئەگەری متمانە کردنی ئەمریکا بە تاڵیبان، پرایس رایگەیاند "ئەم بابەتە پەیوەنديی بە متمانەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە بەرژەوەندی هەردوولاوە هەیە".
ناوبراو، باسی لەوەش کرد کە لە ئێستادا ئاستەمە بتوانن لە بارەی ناساندنی تاڵیبان-ەوە وەڵامێکی روون بدەنەوە، گوتیشی: "ئەم پرسیارانە شتانێک نین کە لە ئەمڕۆدا بتوانین وەڵامیان بدەینەوە. هەندێک راگەیەندراومان لە تاڵیبان بیستوە کە هەندێکیان ئەرێنی و بنیاتنەرن بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە و هاوپەیمانەکانمان چاودێری کردارەکانیان دەکەین نەک گوفتارەکانیان".
نێد پرایس، دەربارەی شێوازی کار کردنی فڕۆکەخانەی حامید کارزای لە دوای ٣١ی ئاب، رایگەیاند: "مانەوەی فڕۆکەخانەی حامید کارزای بەکراوەیی و کارکردنی بەشێوەیەکی ئاسایی لە بەرژەوەندی هەموواندایە بەڵام ئەم بڕیارە لایەنەکانی ئەفغانستان دەیدەن نەک ئێمە".
ناوبراو لە درێژەی گوتەکانیدا سوپاسی رۆڵی ئەرێنی تورکیا-ی کرد و گوتی: "هێزەکانی تورکیا هەتا ئێستا رۆڵێکی بنیاتنەرانەیان لە فڕۆکەخانەی حامید کارزای هەبووە. ئەم بابەتەش یەکێک بوو لە مژارەکانی نێوان سەرۆک بایدن و سەرکۆمار ئەردۆغان. سوپاسی تورکیا دەکەین بۆ ئەو رۆڵەی لە فڕۆکەخانەی حامید کارزای نواندیان".