Ramal Mahmood
18 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2016
دوای ھێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی سەر بە رژێمی ئەسەد لە خۆرھەڵاتی شاری دێرازوور لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە ناوچەکە راگیران.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لەبارەی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی رژێمی ئەسەد لەشاری دێرازوور راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەرابەرایەتی ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئامانجێک لە باشووری شاری دێرازوور کە وایزانیوە "بنکەیەکی سەر بە داعشە"، ئاماژە بەوەشکراوە " :دوای وەرگرتنی زانیاریی لە بەرپرسانی رووسیا و بۆ ئەوەی بنکە و بارەگاکانی سوپای سووریا نەکرێنە ئامانج، هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشە ئاسمانییەکانیان راگرتووە".
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا باسی لەراگەیەنراوەکەدا باسی لەوەکردووە بەر لەئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکە بە وردی چاودێریی ناوچەکەیان کردووە و لێیان کۆڵیوەتەوە، زانیاریش لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دراوەتە بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی رووسیا لە ناوەندی یەکگرتووی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی.
راشیگەیاندووە گۆڕینەوەی زانیاریی لەو جۆرە لەگەڵ بەرپرسانی رووسیادا بەهۆی "هەستیارییەوەیە" و جەختیشی لەوەکردووەتەوە ئامانجیان ئەوەیە لەنێوان رووسیا و هێزەکانی هاوپەیماناندا پێکدادان روونەدات.
راگەیانراوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە رەوشی سووریا لە باری سەربازییەوە لە دۆخێکی ئێجگار ئاڵۆز و تێکەڵدایە و رایگەیاندووە: "ئەگەر هێزەکانی هاوپەیمانان، بزانن بنکەیەک سەر بە حکوومەتی سووریایە، نایکەنە ئامانجی هێرشەکانیان".
هەروەها باسی لەوەکردووە رێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتیی و شێوەی ئەنجامدانی هێرشەکان.