Dildar Baykan Atalay
26 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2022
واشنتۆن – AA
لە دوای ئەو هێرشە مووشەکییەی کە دوێنی کرایە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا، سوپای ئەمریکا ئاشکرای کرد کە هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر گرووپە پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە، ئەنجامداوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)وە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "لەدوای ئەو هێرشە مووشەکییەی کە شەوی رابردوو کرایە سەر بنکەکانمان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هێزەکانی CENTCOM لە رێگەی هێلیکۆپتەری ئاپاچیی جۆری AH-64، هێلیکۆپتەری چەکداریی جۆری AC-130 و تۆپهاوێژی جۆری M777 هێرشیان بۆسەر میلیشیا پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدا. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا چوار چەکداری دوژمن کوژراون و حەوت مووشەکی دوژمن لەناوبراون".
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، ئەریک کوریللا لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە وەڵامی پێویستی ئەو هێرشەی سەر سەربازانی ئەمریکا دراوەتەوە و گوتی: "هیچ گرووپێک بەبێ پێدانی باج ناتوانێت هێرش بکاتە سەر سەربازانمان. ئەوەی رێککاری پێویستە بۆ پاراستنی گەلەکەمان دەیگرینەبەر".
ئێوارەی رۆژی رابردوو، هێرشی مووشەکی بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە گوندی سەوز و کۆنۆکۆ لە دیرازۆر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدرابوو.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لەبارەی ئەو هێرشەوە راگەیاندبوو کە سەربازە ئەمریکییەکان بە سووکی لە هێرشەکە برینداربوون و گرووپە پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە لە ناوچەکە بەرپرسن لە هێرشەکە.