Rewa Mahmut Hasan
03 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2016
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا مارك تۆنەر رایگەیاند كە رژێمی سووریا بە تانك و تۆپ هێرش دەكاتە سەر كەسانی مەدەنی لە لازقییە و حومس و حەما و دەورووبەری دیمەشق.
تۆنەر لە میانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆیدا باسی لە شەڕو پێكدادانەكانی سووریا كرد و رایگەیاند كە لە دوای جێبەجێ كردنی رێككەوتنی ئاگربەستی كاتی لە سووریا، شەڕو پێكدادانەكان و هێرشەكانی ئاسمانی دژ بە ئۆپۆزسیۆن و كەسانی مەدەنی كەمی كردووە و گوتی:" نیگەرانین لەو هەواڵانەی كە باس لە هێرشی رژێمی ئەسەد دەكەن بەتانك و تۆپ بۆسەر كەسانی مەدەنی لە لازقییە و حومس و حەما و دەورووبەری دیمەشق.
تۆنەرئاماژەی بەو دەنگۆیانە كرد كە باس لە بەكارهێنانی كلۆر دەكەن لەلایەن هێزەكانی رژێمی ئەسەد و گوتی: "ئەم هەواڵەمان بیست و بینی، ناتوانین تەواو لێیان دڵنیابین، لەو بارەیەوە سیاسەتی ئێمە دیارە، بەتوندی ئیدانەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی دەكەین. رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی بەدوای ئەو دەنگۆیانەدا دەچێت و ئەگەر گەیشتن بەوەی كە چەكی كیمیاوی بەكارهاتووە ئەوا ئەنجوومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان هەنگاوی پێویست دەنێت".
لەبارەی پرسیارێكەوە كە ئایا هەڵوێستیان چیە لەبارەی گوتەكانی وەزیری دەرەوەی رووسیا سیرگێی لاڤرۆڤ كە ئاماژەی بە داخستنی هێڵی سنووری توركیا كردبوو لەگەڵ سووریا، تۆنەر گوتی: "هەواڵێكی لەو چەشنەم نەبینیوە، توركیا كۆنترۆڵی سنوورەكانی خۆی دەكات، لەو بڕوایەدانین كە قاچاخچێتی چەكی تێدا ئەنجام درابێت. ئاگادارین كە سرووشتی ئەو ناوچەیە وایە بە ئاستەم دەتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت، لەگەڵ بەرپرسانی توركیادا لەسەر ئەوە كاردەكەین، ناڵێم كە توركەكان هەوڵی تەواوی خۆیان نەداوە".