Sarmand Hameed
10 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2020
واشنتۆن - AA
ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، سزای دیکە بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییەی بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامیدا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ستیڤن منوچن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا ئەو سزایانەیان ئاشکراکرد کە دژی رژێمی ئێران سەپێنراون، لەنێویاندا فەرماندەی هێزەکانی بەسیج.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ستیڤن منوچن ئاشکرایکرد کە سزایان بەسەر کەرتی کانەکانی سەرەکی و کۆمپانیا و کەشتییەکانی کواستنەوەی کەلوپەل، هەروەها هەشت بەرپرسی پلە باڵای ئێرانیدا سەپاندووە.
ستیڤن منوچن ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمریکا سزای بەسەر ئەو بەرپرسانەی ئێراندا سەپاندووە کە لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق تێوەگلاون.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتیشی: "سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی جێبەجێکردنی سزای زیاتر دژی هەرکەسێک دەردەکات کە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئێرانیانەدا مامەڵە بکات".
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ جەختی لەوە کردەوە کە سزاکانی ئەمریکا كرۆكی دەزگای ئاسایشی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
پۆمپیۆ ئاماژە بەوەشکرد کە سەرۆکی ئەمریکا بە روونی باسی لەوە کرد، سزا ئابوورییەکانی دژی ئێران بەردەوام دەبن، و ناوەستن تا تاران دەست لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی هەڵنەگرێت یان هەوڵی بوون بە خاوەن چەکی ئەتۆمی نەوەستێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی کە لە بۆردوومانێکی ئەمریکا لە عێراق کوژرا، گوتی: "زانیاریی هەواڵگرییمان لەبەردەستدابوو لەبارەی هێرشی ئێران کە قاسم سولەیمانی پلانی بۆدانابوو".
رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، سزای زیاتر بەسەر تاراندا دەسەپێنن.