Muhammet Kurşun
11 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2020
تاران - AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە ھەڵە لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیەوە خراوەتە خوارەوە، بۆیە لەوبارەوە داوای لێبوردن دەکەن.
محەمەد جەواد زەریف لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە کە ئەمریکا بەرپرسە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتوویەتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی خەمناکە کە دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دەرکەوتووە فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە ئەنجامی سەرکێشی ئەمریکا بە ھەڵە خراوەتەوە خوارەوە".
محەمەد جەواد زەریف ئەوەش گوتووە: "زۆر نیگەرانین و داوای لێبوردن لە گەلی ئێران و کەسوکاری قوربانییان دەکەین و سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی کەسوکاری ھەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە رووداوەکەدا، گیانیان لەدەستداوە".
پێشتر سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئێران رایگەیاندبوو، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ھەڵە فڕۆکە ئۆکراینییەکەی لە کاتی تێپەڕبوونی بە ئاسمانی ناوچەیەکی سەربازیی، خستووەتە خوارەوە.
لە ٨ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی سەربە ھێڵی ئاسمانی ئۆکراینا لە جۆری "Boeing ٧٣٧" کە لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی تارانەوە بەرەو کییڤ-ی پایتەختی ئۆکراینا گەشتی دەکرد، دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە تاران کەوتەخوارەوە.
دوای رووداوەکەش گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ئێران، قاسم بینیاز رایگەیاندبوو کە سەرجەم سەرنشینانی ناو فڕۆکەکەی سەربە ھێڵی ئاسمانی ئۆکراینا کە لە نزیک تارانی پایتەخت کەوتەخوارەوە و ژمارەیان ١٧٦ کەس بوو گیانیان لەدەستداوە.