Mazın Asad
13 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2017
ھێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بە بۆمبی GBU-٤٣ کە بە بۆمبی "دایکی گشت بۆمبەکان" دەناسرێت، ھێرشیکردە سەر تونێلەکانی داعش لە شاری نەنگەرھاری ئەفغانستان.
گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ئادەم سترومپ لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند ئەمڕۆ بەیانی کاتژمێر ٧:٣٢ بە فڕۆکەی جۆری MC-١٣٠ ھێرش بۆسەر پێگەکانی داعش لە ئەفغانستان ئەنجام دراوە.
سترومپ گوتیشی: "پێش پاککردنەوەی تونێلێک لەلایەن گرووپی داعش-خۆراسان لە شارەدێی ئارچین لە شاری نەنگەرھار، لە پێناو کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر ئەمریکا و ھێزەکانی ئەمنی ئەفغانستان بۆ کەمترین ئاست و وەشاندنی گورزێکی گەورە لە چەکدارانی داعش-خۆراسان ھێرشەکە ئەنجام دراوە".
سترومپ روونیشی کردەوە کە فەرمانی ھێرشەکە لەلایەن فەرماندەی ئەمریکا لە ئەفغانستان جۆن نیکۆلسۆن ئەنجام دراوە و راشیگەیاند بۆمبەکە بە گەورەترین بۆمبی ئەمریکا بەدەر لە بۆمبی ناوەکی دادەنرێت.
ناوبراو راشیگەیاند ھێرشەکە ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دانرابوو.
کورتکراوەی بۆمبەکە بە "دایکی گشتی بۆمبەکان" ناوزەند دەکرێت.
ئاماژە بەوە دەکرێت ئەمریکا بۆ یەکەمجارە ئەو بۆمبە بەکاربھێنێت.